ژنێکی پەرستار لەپای دڵسۆزی بۆ کارەکەی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا

کوێستان کەمال، کارمەند لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید بۆ منداڵان، بە هۆی دڵسۆزی بۆ کارەکەی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید بۆ منداڵان مەراسیمێکی ڕێزلینان بۆ پشدەر عەبدوڵا، پزیشک و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید و کوێستان کەمال ناسراو بە "هاژە بەرزنجی" کە ژنێکی نوسەر و شاعیر و لە هەمان کاتدا کارمەندی نەخۆشخانەکەیە، ساز کرا.

 

مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان دەستیپێکرد و دواتر لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئاشتی خەڵاتەکان بەخشرایە پشدەر عەبدوڵا و کوێستان کەمال، لە پای ئەو ماندوبوون و دڵسۆزیەیان بۆ نەخۆشخانەکە.

 

لەلایەن کەسوکار و هاوڕێکانی گوڵ و کتێب پێشکەشی کوێستان کەمال کرا، ئەویش وەک سوپاسێک بۆ کارمەندە دڵسۆزەکانی تری نەخۆشخانەکە گوڵی بەخشیە چیمەن محەمەدی کارمەندی تەندروستی.

 

"ماوەی ١٢ ساڵە وەکو گرێبەست کارمەندمی تەندروستیم"

کوێستان کەمال وتی: من وەکو کارمەندێکی تەندروستی، شاعیر و ڕۆژنامەنووس هەڵبژێردرام بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لەلایەن پێشمەرگەیەکی دێرین و ڕێکخراوێکی ئەوروپیەوە خەڵاتەکەم پێبەخشرا، چونکە من ماوەی ١٢ ساڵە بە گرێبەست کار دەکەم لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید بۆ منداڵان، هۆکاری هەڵبژاردنی منیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە منداڵێکم لە مردن ڕزگار کرد.