٨ هەزار هاوڵاتی عێراقی لە کامپی هۆل دان
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق خستیەڕوو، ٨ هەزار ئاوارەی عێراقی لە کامپی هۆل دان و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دۆسیەی ئاوارەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند، دەبێت لە ماوەی ٦ مانگدا دۆسیەکانیان کۆتایی پێبێت و بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو کە ٣٠٠ خێزانی ئاوارەی عێراقی لە تورکیان و کار بۆ گەڕانەوەیان دەکرێت.
ئیڤان فایق جابرو ئەوەشی ئاشکرا لە کامپی هۆل، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە، نزیکەی ٨ هەزار هاوڵاتی عێراقی ماونەتەوە و گەڕانەوەیان وەستێنراوە.
ئەو وەزیرە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە ئێستادا ئامادەکاری ئەمنی و وردبینی بۆ دۆسیەکانیان دەکرێت، تا بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لەدوای سەری ساڵیش پرۆسەی گەڕاندنەوەیان دەستپێدەکات.
ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە کامپی هۆل دان، بەشێکیان خەڵکی شەنگالن، وەزیر ئیڤان وتی: یەکێک لەو کێشانەی بۆیان دروست دەبێت نەبوونی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونە، چونکە بەشێکیان خەڵكی شەنگالن و لە دوای ئاوارەبوونیان خانووەکانیان ڕووخێندراوە، پێویستە حکومەت و ڕێکخراوەکان کاربکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەیان.
کامپی هۆل دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کامپەکە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە ژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیدایە و لە ٩ بەشی ئاوارە سورییەکان و پەنابەرانی عێراقی و بەشێک لە ژنانی بیانی داعش پێکدێت، کە لە ٥٢ وڵاتەوە هاتوون، کۆی ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٤ هەزار و ٣٩٠ کەسە.