ئەوروپا بەدەست گرانی نرخی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت

سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا باسی لە قەیرانەکانی سووتەمەنی لە کیشوەرەکەدا کرد و ڕایگەیاند، گواستنەوە بۆ سەرچاوەی وزەی دۆستی ژینگە "مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی وزە کەمدەکاتەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا، دوای کردنەوەی لوتکەی کەشوهەوا-COP27  کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە وڵاتی میسر بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند کە گواستنەوە بۆ سەرچاوەی وزەی دۆستی ژینگە "مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی وزە کەمدەکاتەوە".

 

نرخی بەکاربەرانی وزە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێژەی ٪١٠.٧ بەرزبووەتەوە، ئەمەش زۆر زیاترە لە ئامانجی بانکی ناوەندی ئەوروپا بۆ ٪٢، هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی بەردینە لە دوای قەیرانی ئۆکرایناوە.

 

دانیشتوانی ئەوروپا بە تایبەتی کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لەسەر دەرکەوتووە، چونکە ساڵانێکە کیشوەرەکە بڕێکی زۆر سووتەمەنی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ڕووسیا هاوردە دەکات، کریستین لاگارد دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخی وزە ئاماژەیەکە کە تا چەند پشت بە سووتەمەنی بەردین دەبەستین و ئەمە چەندە بۆ ئێمە خاڵی لاوازە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گواستنەوە بۆ سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە، وەک وزەی با یان خۆر، دەبێتە هۆی "رێژەی هەڵاوسان کەمتر و جێگیرتر"، کە "رێگە بە ئابوورییەکانمان دەدات باشتر کاربکەن"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی ئەوروپا چەند جارێک ڕێژەی سوودی بەرزکردەوە لە هەوڵێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.

 

جێی ئاماژەیە کە دەستپێکردنی شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا کاریگەری لەسەر خۆراک و وزەی جیهان و بەتایبەتی کیشوەری ئەوروپا کردووە، کە وڵاتانی کیشوەرەکە ڕاستەوخۆ پشتیان بە دانەوێڵەی ئۆکراینا و وزەی ڕوسیا وەردەگرت، ئێستاش ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە.

 

سەرەتای ئەم مانگە، بانکی ناوەندی ئەوروپا هۆشداری داوە لەوەی کە بانکەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری سەپێندراو دەبێتەوە ئەگەر دەستنیشان و چارەسەری مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەنێو کڕیارەکانیاندا نەکرێت.