ژنان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێم پێکدەهێنن

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێم، ژنان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکاران پێکدەهێنن.

سلێمانی

 

د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی کەرنەڤاڵی دەرچوونی خولی حەڤدەیەمینی زانکۆی کۆیە لە ھۆڵی فاکەڵتی پەروەردەی وەرزشی زانکۆکە، ئاماژەی بە ڕێژەی ژنان کرد لە خوێندنی زانکۆکاندا و وتی: مایەی شانازییە بەپێی داتای دەرچووانی زانکۆی کۆیە ژنان ڕێژەی ٤٦٪ی دەرچووانی ئەم خولە پێکدەھێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش ژنان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکاران و قوتابیان پێکدەھێنن".

 

ئاشکراشیکرد، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزارەت چوار ئەندامی ئەنجومەن، سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە ژنانی بە توانای کایەی ئەکادیمین.

 

وتیشی: ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان بۆ ئەوەی لە ڕووی گەیشتن بە زانست و بەدەستھێنانی کارامەیی گەشە بکەن و دەرفەتی یەکسانی گەشەکردنی ئابوریشیان ھەبێت".