بەجیاوازی یەک کورسی هەڵبژاردنی دانیمارکی بردەوە

هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی دانیمارکی بردەوە، بەڵام لەسەر بڕیارەکەی سوورە کە واز لە حکومەت بهێنێت بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ.

ناوەندی هەواڵ

 

مێت فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا هێشتەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەمە لە هەڵبژاردی گشتیدا بە یەک کورسی توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

 

دوایین دەنگەکان کە لەم هەڵبژاردنە ژمێردران، ٨٧ کورسییان بە بەرەی "سوور"ی سیۆسیال دیموکراتەکان کە مێت فرێدریکسن تێیدایە، بەخشی، هەروەها ٣ کورسی دیکەی لە دەرەوەی وڵات لە گرینلاند و دوورگەکانی فارۆی شانشینی دانیمارک بەدەستهات، بەمەش پارتەکەی مێت فرێدریکسن ٩٠ کورسیان لە کۆی ١٧٩ کورسی پەرلەمان بەدەستهێنا.

 

سەبارەت بە بەرەی ڕاستڕەوی "شین" کە هاوپەیمانییەکی لیبڕاڵ و کۆنەپەرستانە و لە لایەن ٣ پارتی پۆپۆلیستییەوە پاڵپشتی دەکرێت، ٧٢ کورسییان لە دانیمارک و یەک کورسی لە دوورگەکانی فارۆ بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەشدا ١٤ پارت کێبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی دانیمارکییەکان.

 

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، بڵاویکردەوە کە مێت فرێدریکسن دوای ڕۆژی چوارشەممە دەست لەکاردەکێشێتەوە، لەپێهناو جێبەجێکردنی ئەو خواستەی کە پێش هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو، چونکە بەنیازە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت.