سلێمانی، یوئێن ئامادەنەبوو یاداشتێک دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وەربگرێت

چالاکوانانی شاری سلێمانی دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا گردبوونەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەنەبوو یاداشتنامەکەیان لێوەربگرێت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ٢٣ی تشرینی یەکەم، چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و یاداشتنامەیەکیان بەناوی "لە سەدامەوە بۆ ئەردۆغان، جینۆسایدی کوردان بوەستێنن" خوێندەوە.

 

یاداشتنامەکە لەلایەن نەورۆز فازیل، چالاکوان، خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "داوا لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی دەکەین کە بێنە دەنگ لەسەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان بە چەکی کیمیایی، کە بەکارهێنانی ئەم چەکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لەلایەن یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە، بەڵام تورکیا بۆ جینۆسایدی گەلی کورد و وێرانکردنی خاکی کوردساتن بەکاری دێنێت".

 

هەر لە یاداشتنامەکەدا باس لەوەکراوە، "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تەنها لە دژی گەریلا ئازادەکان بەکارنەهاتووە، بەڵکو بۆ لەناوبردنی ژینگەی کوردستان و ئاژەڵەکان و ژەهراوی کردنی ئاو و کانیاوەکان بەکارهاتووە، وەک چۆن لە ڕابردوودا ئەتاتورک لە دەرسیم و سەدام لە هەڵەبجە چەکی کیمیایی دژی کورد بەکارهێنا، دوور نیە کە تورکیا لە داهاتوودا ئەم چەکە دژی گەلانی عێراق بەتایبەتی گەلی کورد بەکاربهێنێت."

 

عێراق دەبێتە ناوچەیەکی ژەهراوی

لە درێژەی یاداشتنامەکەدا باس لەوە کراوە لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی عێراق دەبێتە کەمپێکی پڕ گازی ژەهراوی و پڕ دەبێت لە نەخۆش پەککەوتە، داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدا کە قوربانیانی چەکی کیمیایی سەردەمی سەدام لە هەڵبجە تا ئێستا  لە ژێر ناڕەحەتیدا دەتلێنەوە، بۆیە پێویستە بە تایبەتی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی بێتە سەر خەت و سەردانی ئەو شوێنانە بکات کە ئەم چەکەی تێدا بەکارهاتووە، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورک چۆن بە نامرۆڤانە کوردەکانی شەهید کردووە.

 

چالاکوانان ئەوەشیان خستەڕوو کە "بەرپرسانی بارەگای UN ئامادە نەبوون یاداشتنامەکە وەربگرن"، بۆیە دوای خوێندنەوە، لە بەردەم بارەگای UN یاداشتنامەکەیەن بەجێهێشت.