ئەنۆنیمۆس زانیاری ٤٠٧ کامێرای چاودێری تاران بڵاوکردەوە

گرووپی هاککەرانی بێناو-ئەنۆنیمۆس، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێرانەوە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلانی ئێران ڕاگەیاندبوو، لە بەرنامە نوێیەکەیدا زانیاری تەواوی ٤٠٧ کامێرای چاودێری لە تاران بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپی هاككەری بێناو-ئەنۆنیمۆس لە تویتێكدا نووسیویەتی: "زانیاری تەواو لەسەر ٤٠٧ کامێرای چاودێری شاری تاران، کە لە سەردەمی شۆڕشدا زۆرترین یارمەتی بە ڕژێم داوە، لەناو فایلێکدا بە ناونیشانی کامێرەکانەوە بەردەستە، بەکارهێنانی ئەم کامێرایانە بە هەموو شێوەیەک گەورەترین یارمەتیدەری گەلی ئازادیخوازی ئێران دەبێت".

 

بەپێی ئەم گروپە هاکەرە، "لەم فایلەدا چەندین TAB هەیە کە زانیاری زیاتری کامێرا و چاودێریکردن و دۆخی ئاسایشی کامێراکان لەخۆدەگرێت"، بەپێی ئەو زانیارییانەی گروپەکە بڵاویان کردووەتەوە، کامێرەکان کە لە ناوچە جیاکانی شاری تاراندا دانرابوون، لەکار کەوتوون، یان پێویستیان بە چاککردن هەیە و بەشێکیشیان داتاکانیان کۆکراونەتەوە.

 

گروپە هاککەرەکە، لە سەرەتای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێرانەوە هێرشی بەربڵاوی ئەلیکترۆنی لە دژی ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکدەخات، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ماڵپەڕەکانی وەزارەتەکانی نەوت، ئابووری، دارایی، فەرهەنگ و ئیرشادیان هاک کردووە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشێکی بەرچاو لە کامێرای چاودێری بە هاوکاری چین لە شارەکانی ئێران دانراوە و کۆماری ئیسلامیش بۆ ناسینەوەی خۆپیشاندەران و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان لەو کامێرایانە بەکاردەهێنێت.