پزیشکانی نێودەوڵەتی: بەڵگە هەیە سوپای توركیا لە باشوور چەكی كیمیایی بەکارهێناوە
یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتیی دژی شەڕی ئەتۆمی/ پزیشكانی خاوەن بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی IPPNW ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەدەن بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، پەدەکە ئاستەنگی دروستکردووە بۆ شاندەکە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژانی ٢٠-٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ شاندێکی یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتیی دژی شەڕی ئەتۆمی/ پزیشكانی خاوەن بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی- IPPNWلە سویسرا و ئەڵمانیا سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و ڕاپۆرتێکیان لە بارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لە لێدوانێكدا دانی بەوە داناوە، كە لە میانی هێرشێكدا لە چیای گارە گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە، هەروەها لە جەخت لەوەكراوەتەوە، دەتوانرێت گازی فرمێسكڕێژ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خۆپیشاندان بەكاربهێنرێت، بەڵام بەپێی ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی ناتوانرێت لە ناوچەیەكی سەربازیدا بەكاربهێنرێت.
" لە ڕابردووی دەوڵەتی تورك دا هەیە، كە لە شەڕی چەكداریدا گازی فرمێسكڕێژی بەكارهێناوە و لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەڵمانیا لە ئەنجامی هەندێك شیكاریی سەلمێندرا، كە سوپای توركیا لە شەڕی دژی پەكەكە گازی فرمێسكڕێژی بەكارهێناوە، هاوكات لە ساڵی ٢٠٠٤دا سەربازانی توركیا لە مەیدانە سەربازییەكاندا مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ كردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە شوێنەوار و بەڵگە هەیە، كە سوپای توركیا لە باشووری كوردستان چەكی كیمیایی لە دژی پەكەكە بەكارهێناوە و سەرنجی بۆ ئەو ماسكانەی تایبەت بە چەكی كیمیایین ڕاكێشاوە، كە سەربازانی تورك لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە و دەڵێت: ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە بۆچی سەربازانی تورك خۆیان لەو ماددانە دەپارێزن؟ و حكومەتی توركیا تائێستا پەكەكەی تۆمەتبار نەكردووە بەوەی لە باكووری عێراق چەكی كیمیایی بەكارهێناوە.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەهۆی ئەو گومانانەی كە سوپای توركیا لە باشووری كوردستان چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، پێویستە ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ دەستپێبكات.
لە كۆتایشدا داوایان لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی كردووە، كە هاوكاری پزیشكی پێشكەش بەو كەسانە بكات كە بەهۆی هێرشەكانەوە زیانیان بەركەوتووە.