"کۆبانێ" بۆ یەکەمجار لە کۆبانێ نمایشکرا

کۆمەڵەی فیلمی ڕۆژاڤا بۆ یەکەمجار لە کانتۆنی کۆبانێ فیلمی "کۆبانێ"ی نمایشکرد.

کۆبانێ

 

بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی داعش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ دەستیپێکرد و لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا سەرکەوتنی کۆبانێ ڕاگەیەندرا. ئەو بەرخۆدانە مێژووییە کە ١٣٤ ڕۆژ بەردەوام بوو و بۆ زۆرێک لە نووسەران و شاعیران و سینەماکاران ئیلهامبەخشتی بەرهەمهێنان بوو، دەیان کتێب و شیعر و ڕۆمان و دۆکیۆمێنتاری و ... هتد بەرهەمهێنران، یەکێک لەوانە فیلمی "کۆبانێ"یە کە لەلایەن کۆمینی فیلمی ڕۆژئاڤا دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی بە دروستکردنی کرد.

 

دوێنێ کۆمینی فیلمی ڕۆژاڤا یەكەمین نمایشی فیلمی "كۆبانێ"ی لە كانتۆنی كۆبانێ لە ناوەندی کولتوور و هونەری باقی خیدۆ نمایشكرد. لە نمایشەکەدا سەدان کەس لە دانیشتوانی کۆبانێ و ڕێکخستنەکان و کەسوکاری شەهیدان ئامادەبوون.

 

فیلمەکە کە ماوەی ٢ کاتژمێر و نیو دەبێت، باس لە بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە و خەڵک دەکات لە دژی چەتەکانی داعش. لە فیلمەکەدا ئەو ڕۆڵ و پێشەنگایەتییەی کە شەڕڤانانی یەپەژە دەیگێڕن بە شێوەیەکی ڕوون خراوەتە بەرچاو.

 

بەشداریکردن لە فیلمەکەدا چانسێکی زۆر باش بوو"

زەینەب محەمەد، شانۆکار و خەڵکی ناوچەی عەفرین، لە فیلمەکەدا ڕۆڵی شەڤانێکی یەپەژەی قەناس بەدەست دەگێڕێت، وتی: ئەمە سێیەم جارە بەشداری ئەم جۆرە کارانە دەکەم، بەڵام بەشداریکردنم وەک ئەوەبوو یەکەمجارم بێت ئەم ڕۆڵە هەڵبژێردراوم ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوومەوە، زەحمەت بوو مرۆڤێک لە ژیانی مەدەنیەوە بچێتە ژیانی شەڕڤانێکەوە، بە تایبەتیش شەڕڤانێکی قەناس بەدەست. بۆ من ئاسان نەبوو ڕۆڵی ئەو پاڵەوانانە ببینم کە لە بەرخۆدانی کۆبانێدا ژیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا چانس و هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ من کە بتوانم ڕۆڵی خۆمان لە پێناسەکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ جیهان بگێڕین.