ژنانی ئەفغانستان بە وتەی "ناتوانن لە کۆمەڵگە دورمان بخەنەوە" کتێبخانەیەکیان کردەوە

تاڵیبان هەرچییەک بکات، ژنانی ئەفغانستان واز لە تێکۆشان ناهێنن. ژنانی ئەفغانستان بە بەرخۆدانیان بوون بە نمونەیەک بۆ هەموو ژنانی جیهان، دژی دوورخستنەوەی کچان لە پەروەردەش "کتێبخانەی ژنان"یان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەواڵی خۆش و ئومێدبەخش لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە دێت. دوای ئەوەی تاڵیبان هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە، هەموو جۆرە سیاسەتێکی ستەمکارانە لە دژی ژنان جێبەجێکرا و ژنانیش لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گوشارانە نەوەستان. ئەگەرچی تاڵیبان پەروەردەی کچان و ژنانی قەدەغە کرد، بەڵام ژنان وەک بەدیلێک بۆ ئەم قەدەغەکردنە کتێبخانەکانیان کردەوە.

 

هەم بواری پەروەردەیە و هەم بواری کارکردنە

کاتێک کتێبخانەی ژنان لەلایەن چالاکوانانی مافی ژنانی ئەفغانستان کرایەوە، جولیا پارسی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەکە وتی: سەرەتا ئەم کتێبخانەیەمان بۆ ئەو کچانە کردەوە کە لە خوێندن دوورخرانەوە،  ژمارەیەکی زۆر ژنیش هەن کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەم شوێنە دەبێتە شوێنی کارکردن بۆیان. هەم بوارێکی پەروەردەیی دەبێت و هەم بوارێکی کارکردن.

 

مەحکوبە حەبیبی، چالاکوانی مافی ژنان، لە مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەکە وتی: ئەوان (تاڵیبان) ناتوانن لە کۆمەڵگە بمانسڕنەوە، ئەگەر لە شوێنێک هەوڵی لەناوبردنی ئێمە بدەن، لە شوێنێکی دیکە بەردەوام دەبین.

 

كتێبخانه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار كتێبی هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان و شاعیران و نوسه‌رانه‌وه‌ بەخشراون و به‌ هاوكاری رێكخراوه‌كانی داكۆكی له‌ مافی ژنانی ئه‌فغانستان كۆكراونه‌ته‌وه‌. لە ڕۆمانەوە تا چیرۆک، لە سیاسەتەوە تا ئابووری، لە چیرۆکەوە تا زانستی تێدا هەیە.