ئەوروپا بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و چەندین گەنجینە دەرکەوتوون

ئەوروپا بەدەست وشکەساڵی چەند هەفتەیەکەوە دەناڵێنێت، شەپۆلەکانی گەرما بەردەوام دەبنە هۆی مردن و چۆڵکردن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی وشکبوونی ناوچەی ئاوی و قەراخی ئاوەکانەوە چەندین ئاسەوار و گەنجینە دەرکەوتوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وشکەساڵی ڕووی لە ئەوروپاش کردووە و چەندین ڕووبار و دەریاچە وشکبوون، بەهۆیەوە کێشەی گەورە بۆ کەشتیوانی و بەلەمەکان دروستکردووە، بە دابەزینی ئاستی ئاویش چەندین گەنجینە دەرکەوتوون کە لە ژێر ئاودا شاراوە بوون.

 

لەناو گەنجینە دەرکەوتووەکاندا بەردی هەڵکۆڵدراو هەن بە "بەردی برسێتی" ناسراون، ئەم بەردانە ئاماژەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە بە دەرکەوتنی هەڵکۆڵدراوەکانی سەریان واتای ئەوە دەدات کە سەختی چاوەڕێیان دەکات، زۆربەی ئەم بەردانە لە کەناری ڕووباری ئەلپ دەرکەوتن کە لە کۆماری چیکەوە بۆ ئەڵمانیا درێژدەبێتەوە.

 

یەکێک لەو بەردانەی لە سەدەی ١٥دا هەڵکەندراوە، لە ساڵی ١٦١٦دا دەرکەوتەوە، کە لەسەری نووسراوە "ئەگەر منت بینی، بگری"، دەرکەوتنی ئەو بەردانە بە واتای ئەوە دێت کە وشکەساڵی ڕووی لە ئەوروپا کردووە و لە بەردەم مەترسیدان.

 

هەروەها دابەزینی ئاستی ئاو لە کەناری دانوبی سربیا، کەشتییە جەنگییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم دەرخستووە، ئەو کەشتیانەشی لە نزیک شارۆچکەی پراهۆڤۆ دەرکەوتوون، بەشێک بوون لە بەلەمێکی نازییەکان کە لە ساڵی ١٩٤٤ نوقم بوون، هەروەها لە ڕووباری پۆ لە ئیتاڵیا تەقەمەنی نەتەقیو دۆزرایەوە.

 

نزمی ئاستی ئاوی ڕووباری تیبر لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، شوێنەواری پردێکی دێرینی ئاشکرا کرد، کە ڕەنگە لەلایەن ئیمپراتۆر نیرۆوە لە دەوروبەری ساڵی ٥٠ی زایینی دروستکرابێت، لە وڵاتی ئیسپانیاش شوێنەواری بەردی زۆر کۆن، کە ناویان لە ستۆن هینجی ئیسپانی"یە لە حەوزی ئاوی "ڤالدێتاناس" لە پارێزگای "کاسێرێس" لە ناوەندی وڵاتەکەدا دەرکەوتووە، کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ پێش زایین.

 

لە گوندی دێروێنت لە شاری دێربیشایر لە بەریتانیا ئاسەواری ناوچەیەک دەرکەوت کە پێدەچێت سەر بە کڵێسایەک بێت، گوندەکە لە ساڵانی چلەکاندا بەر لافاو کەوت بەهۆی دروستکردنی دەریاچەی بەنداوی لیدی پاوەر بکرێتەوە.