هەولێر، ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت

شەوی ڕابردوو ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵان لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر دەکوژرێت و دەوترێت ماوەی ساڵێکە هاوسەرگیری کردووە.

هەولێر

 

شەوی ڕابردوو، ٣ی حوزەیران، نزیک بە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو، لە گەڕەکی ٣٢ی پارک لە شاری هەولێر ژنێکی تەمەن ١٩-٢١ ساڵ کوژرا.

 

بەپێی زانیاریەکانی دەست نوژنها کەوتووە، ژنەکە ناوی ساریە فەرحانە و تەمەنی لە نێوان ١٩-٢١ ساڵ دایە، خەڵکی شاری خەلیفانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

 

نوژنها بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر کرد، لە وەڵامدا وتەبێژ وتی: کوژراوەکە خەڵکی سۆرانە، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.

 

وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە نوژنهای ڕاگەیاند کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە نییە، چونکە تەنها ماڵی باوکی ژنەکە لە سۆرانە، ژنە کوژراوەکە لە ماڵی خۆی و هاوژینەکەی بووە لە شاری هەولێر.

 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست نوژنها کەوتووە، ژنەکە ماوەی ساڵێکە هاوسەرگیری کردووە و لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێنراوە و تەرمەکەشی لەلایەن برای هاوژینەکەیەوە براوەتە پزیشکی دادی هەولێر.

 

بە مەبەستی لێکۆڵینەوە هاوژینی ژنە کوژراوەکە براوەتە بنکەی پۆلیس.