دەرهێنەرێکی فیلمی میسری کۆچی دوایی کرد

ناهید فەرید شەوقی، دەرهێنەری میسری، دوای ئەوەی بە بەرهەمەکانی جێپەنجەی لە مێژووی هونەری میسردا دیاریکرد، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئایە سەماحە، ئەکتەر، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کۆچی دوایی دەرهێنەری بەناوبانگی میسری ناهید فەرید شەوقی، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا ڕاگەیاند.

 

ناهید فەرید شەوقی لە ساڵی ١٩٥٠ لە بنەماڵەیەکی هونەری دێریندا لەدایک بووە، فەرید شەوقی و هودا سوڵتانە دایک و باوکی بوون و خوشکەکەشی ڕێچکەی هونەری گرتووە.

 

ناهید لەگەڵ فەرید شەقی باوکیدا لە چەندین بەرهەمی هونەریی درامیدا کاری کردووە، لەوانە بەرنامەیەکی ئێوارانی تەلەفیزیۆنی بە ناوی لومە قازی.

 

ناهید فەرید شەوقیی دەرهێنەر چەندین بەرهەمی پێشکەشکردووە، لەگەڵ باوکیدا بەشداریی یەکەمین بەرهەمی کردووە کە فیلمی  "بێنەوایان" بووە، دوای ئەوەش لە فیلمی "دادگا بڕیاریدا"دا بەشداری کردووە، دوا بەرهەمیشی کە بەرهەمی هێناوە فیلمی "یاری ئەمریکایی" بوو لە ساڵی ٢٠١٩دا، کە ناهید ئەلسیبەی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، وەک سەرپەرشتیاری دەرهێنەر و دەرهێنەری جێبەجێکار لە بواری درامای تەلەفزیۆنیدا کاری کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پرسەکەی لە ناوچەی زاید لە شاری جیزە لە باشووری قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەبچێت.