شەریفە محەمەدی هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی کانی خەڵوزی تەباس دەربڕی

شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری و زیندانیی زیندانیکراوی زیندانی لاکان لە ڕەشت، لە نامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوی ڕووخانی کانی تەباس دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٤ی ئەیلوول کەمپەینی پشتیوانی لە شەریفە محەمەدی، زیندانیکراو لە زیندانی لاکانی ڕەشت، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، نامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەو چالاکوانە هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوی کانی خەڵوزی تەباس دەربڕی .

 

لەم نامەیەدا وێڕای هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکاندا، شەریفە محەمەدی پەیامێکیشی پێشکەش بە کوڕ و هاوژینەکەی کرد.

 

شەریف محەمەدی بە ئاماژەدان بە خراپی بژێوی ژیان و بارودۆخی ئابووری ئێران، بۆ کوڕەکەی نووسیوە، "ئێوەش میهر (مانگی ئەیلوول)ی ئەمساڵتان بە بێ میهرەبانی دەست پێکرد، تەنانەت ئەگەر لەگەڵت بوومایە، باشترین جلوبەرگم بۆت دەهێنا و دەتمنارد بۆ باشترین قوتابخانە؛ بەڵام بەختەوەری ڕاستەقینە لای من ئەو ڕۆژەیە کە هیچ منداڵێک بەهۆی هەژاری لە خۆشحاڵی، خوێندن و مافی ژیان بێبەش نەبێت و هیچ دایک و باوکێک، ئەو نیگەرانییەی نەبێت کە ئایا منداڵەکەی یان هاوژینەکەی دوای دەوام بە زیندووی لە شوێنی کارەکەی دێتەوە".

 

شایانی باسە ئەم نامەیە یەکەم نامەی شەریف محەمەدییە دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە، تەنانەت دوای دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانیش هیچ نامەیەکی نەنووسیوە و ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە، بەڵام لەدوای ڕووداوی دارمانی کانی تەباس، کە چەندین کەس تیایدا بوونە قوربانی ئەم نامەیەی نووسیوە.

 

دەقی تەواوی نامەکەی شەریف محەمەدی بەم شێوەیەیە:

پایزێکی تر هات و من هێشتا زیندانیم

میهر(مانگی ئەیلوول) هاتووە، بەڵام لەگەڵ نا میهرەبانییەکەی،

 

هاوڕێ شیرینەکەم، هاوڕێی بەردەوامم لە کاتە سەختەکاندا، لە یەکەم ڕۆژی میهردا لەگەڵت نیم بۆ پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونت؛ لە دووەم ڕۆژی میهر بۆ بەرز ڕاگرتنی ساڵڕۆژی هاوسەرگیریمان لەگەڵتان نیم.

 

ئایدنی ئازیزم، کوڕە نازدارەکەم، ببورە کە لە یەکەم ڕۆژی میهر و ساڵی نوێی خوێندندا، لە قۆناخێکی باڵاتردا لە تەنیشتت نەبووم تا وەک هەمیشە قژی جوانت شانە بکەم و بتنێرم بۆ قوتابخانە و تۆش بە شیرینی دەڵێیت: دەست خۆش دایە، ڕۆژێکی خۆشت هەبێت.

 

هاوڕێ شیرینەکانم، من لە تەنیشتتان نیم تا بە یەک دەنگ بە درێژایی ڕێگای دارفەکی جوان و سەربەرز گۆرانی بڵێین:

 

وەرە ئازیزم؛ لەگەڵ ئازار تەنها مەمێنە

ئازارە هاوبەشەکان هەرگیز ناتوانرێت بە جیا چارەسەر بکرێت

بۆ ڕێزگرتن لە یادی مامۆستایانی خۆشەویستی و قوربانیدان.

 

ئازیزانم، دەزانم ئەم ڕۆژانە تێدەپەڕێت و جارێکی تر پێکەوە گۆرانی ژیان دەڵێینەوە، بەڵام بێ خۆشەویستی پایز و مانگی ئەیلوول بۆ ئێمە کۆتایی نایەت.

 

کاتژمێر ١٢ی شەوە و کاتژمێرەکان بەسەر ڕەشەبادا تێپەڕیوە و خەوم لێناکەوێت.

 

بێ کۆنتڕۆڵ دەگریم، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی بیری ئایدین دەکەم، نەک لەبەر ئەو سزایەی کە هەمە، نەک لەبەر ئەوەی لەگەڵ منداڵەکەمدا نیم تا بینێرم بۆ قوتابخانەیەکی نوێ.

 

ئەو منداڵ و دایک و ژنانەی کە ئازیزانیان لە ژێر داروپەردوودا نێژراون، چۆن شەو بەسەر دەبەن؟

منداڵان لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا چۆن دەچنە قوتابخانە کە باوکیان لەدەستداوە؟

ئەمڕۆ هەواڵی گیان لەدەستدانی ٥١ کرێکاری کانی خەڵوزی تەباس هەژاندمی. کارەساتێکی تر..

 

کرێکارانی کانییەکان ئامادەن لە خراپترین و نائەمنترین بارودۆخدا بۆ پارووە نانێک قورسترین کار بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بژێویکی کەم وەربگرن بۆ مانەوەی خۆیان و خێزانەکانیان.

 

من چاوی منداڵان بە خەیاڵمدا دێت کە چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکیان دەکەن لە کار...

بە داخەوە، خەندە و خۆشی لە یەکەم ڕۆژی ئەم مانگەدا لەسەر لێوی ژن و منداڵەکانیان وشک بووەوە.

پرسە و سەرەخۆشی خۆم لە زیندانەوە بۆ کەسوکاری ئەم ئازیزانە و هاوپۆلەکانم کە لەم ڕۆژانەدا بارگرانی بارودۆخی سەختی ژیان و بژێوی ژیانیان لەسەرە دەنێرم.

 

ئایدنی ئازیزم، کوڕە شیرینەکەم،

ئێوەش میهر (مانگی ئەیلوول)ی ئەمساڵتان بە بێ میهرەبانی دەست پێکرد، تەنانەت ئەگەر لەگەڵت بوومایە، باشترین جلوبەرگم بۆت دەهێنا و دەتمنارد بۆ باشترین قوتابخانە؛ بەڵام بەختەوەری ڕاستەقینە لای من ئەو ڕۆژەیە کە هیچ منداڵێک بەهۆی هەژاری لە خۆشحاڵی، خوێندن و مافی ژیان بێبەش نەبێت و هیچ دایک و باوکێک، ئەو نیگەرانییەی نەبێت کە ئایا منداڵەکەی یان هاوژینەکەی دوای دەوام بە زیندووی لە شوێنی کارەکەی دێتەوە".

 

وە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەم.

 

شەریفە محەمەدی

بەشی دەستنیشانکردن زیندانی لاکان ڕەشت