دادگای حوسییەکان سزای لەسێدارەدانی بۆ چالاکوانێکی یەمەن دەرکرد

فاتیمە ئەلعرولی، چالاکوانی یەمەن، بە پێشێلکردنی مافەکانی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، بەمەش ناڕەزایەتی لەو بڕیارەی دادگای حوسییەکان بڵاوبووەتەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو چالاکوانە دەکرێت.

یەمەن

 

ڕێکخراوی ژنان بۆ ئاشتی یەمەن و کۆمەڵەی پاراستنی ژنانی لێدراو و ڕزگاربووانی زیندانەکانی حوسی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئازادکردنی چالاکوان فاتیمە ئەلعرولی، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ دادگای حوسییەکان لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن، سزای لەسێدارەدانی بۆ چالاکوان فاتیمە ئەلعرولی دەرکرد، کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دەستبەسەر کرابوو.

 

فاتیمە ئەلعرولی یەکێکە لە پێشەنگەکانی کاری ژنان لە جیهانی عەرەبیدا، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتی سەرکردەکانی ژنانی عەرەبە لە یەمەن و بە چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی ژناندا بەناوبانگە، حوسییەکان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە تۆمەتباریان کرد و تۆمەتی "خیانەتی باڵا"یان خستە پاڵ، ئەم بڕیارەش لە کاتی دادگاییکردنێکدا هات کە بە ئامادە نەبوونی پارێزەر و بەبێ ئەوەی دەرفەتی دەستبەسەرکراوەکە بدرێت پارێزەرێک بگرێت، یان چاوی بە خێزان و منداڵەکانی بکەوێت، دەرکرا.

 

سزای لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە ڕەخنەی بەرفراوانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە، ژنان بۆ ئاشتی لە یەمەن و کۆمەڵەی داکۆکی لە ژنانی لێدراو و ڕزگاربووانی زیندانەکانی حوسییەکان، ئیدانەی ئەو بڕیارەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە حوسییەکان دوای ڕفاندنی و بە زۆر دیپۆرتکردنەوەی ئەو بڕیارەیان دەرکردووە.

 

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە دوای کودەتاکەیانەوە بۆ سەر دەوڵەت، حوسییەکان هەزاران ژنیان ڕفاندووە و لە زیندانە ئاشکرا و نهێنییەکاندا ڕایانگرتوون و ڕووبەڕووی جۆرەها پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە، لەوانەش ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، ئازاردانی سێکسی و دەستدرێژی.

 

داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە لە یەمەن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان کرد کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە هەیە، دەستوەردانێکی بەپەلە بکەن بۆ ئازادکردنی فاتیمە ئەلعەرولی و کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەدان و سنووردارکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە ئاشکرا دەبێت بۆ.

 

داوایان کرد لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕفاندن و پێشێلکارییەکانی ژنانی یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ماف و پاراستنیان، هەروەها بەپەلە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە پەیوەندییان پێوە هەیە.