پزیشکێکی ژنان هۆکار و چارەسەری گڕەی ژنانی نزیکی تەمەن ٥٠ ساڵ دەخاتەڕوو

پزیشک خێڵان کەریم بەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان ئاماژە بەوەدەکات، گڕەی ژنانە بارێکی تەندروستییە لە ژناندا ڕوودەدات لە تەمەنی نزیکی ٥٠ ساڵی، کە هەست بە گەرماییەکی زۆر و ئارەق کردنەوە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک خێڵان کەریم بەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی لە نووسینێکدا کە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاویکردوەتەوە، نووسیوویەتی: ئەم حاڵەتە بارێکی تەندروستییە لە ژناندا ڕوودەدات لە تەمەنی نزیکی ٥٠ ساڵی، یان قۆناغی پێش ئەو تەمەنە، کە تیایدا بەشێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاو بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ژنەکە هەست بە گەرماییەکی زۆر و ئارەق کردنەوە دەکات لە دەم وچاو، مل و سنگیدا، هەروەها ڕەنگی پێستەکەی سوور هەڵدەگەڕێت، هەندێک جار دوای ئەوە لەرزی لێ دێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارەکانی گڕەی ژنان بریتییە لەوەی، کە لەو تەمەنەدا هێلکەدان لاواز دەبێت و ڕێژەی هۆڕمۆنەکان زۆر کەم دەبنەوە، وەک هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر سەنتەری ڕێکخستنی گەرمی لە مێشکدا.

 

چارەسەرکان بەم شێوەیەیە:

١.هەوڵ بدە شوێنەکەت فێنک بێت.

٢.با جۆری جلەکانت دووپارچە بێت لەو کاتانەدا بتوانی جلەکانت کەم بکەیتەوە.

٣.هەمووکات باوەشێنێک یان پانکەی بچووکت پێبێت .

٤.بڕێکی باش ئاو بخۆرەوە.

٥.دوور بکەوە لە خواردنی بەهاراتی توون وخواردنی گەرم، خواردنەوە کهولییەکان.

٦.واز لە جگەرە کێشان بهێنە.

٧.وەرزش بکە ،هەوڵ بدە کێشێکی تەندروستت هەبێت.

٨.ئەو خواردنانە بخۆ کە فایتۆئیسترۆجینن وەک: کونجی، تۆوی کەتان، گووڵەبەڕۆژە، شۆفان، پیاز، سیر، فاسۆلیای سەوز،سپێناخ، سێو، قۆخ ، توو، ترێ، هەڵووژە، هەرمێ.

٩.چارەسەری ناهۆڕمۆنی بەکار بێنە بەڕێنمایی پزیشک .

١٠.چارەسەری هۆڕمۆنی، باشترین چارەسەرە بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت بەکاری بهێنێت، دەبێت ژنەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات و پشکنینی تەواوی بۆ بکات ئنجا دەتوانێت بەکاری بهێنێت.