داوای یەکڕیزی بۆ شاری کەرکوک دەکرێت

ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد، بانگی یەکڕیزی گەلی کوردیان لە شارەکە کرد و داوایان لە کاندیدە بەربژێرەکان کرد کە ڕق وکینە وەلا بنێن و کار بۆ شارەکە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی ئەڵماسی شاری کەرکوک، ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد، دوای ئەوەی کۆبوونەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و داوای یەکڕیزی گەلی کوردیان لە شارەکە کرد.

 

شکۆفە ساڵەیی، چالاکوان، بەیاننامەی هاوبەشی بەشداربووانی خوێندەوە و داوایان لە هەموو لایەن و دامودەزگا مەدەنییەکان کرد هاریکار بن و یەک دروشم بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن دیاری بکەن، وەک چالاکوانان پێشنیازی دروشمی” با لە پێناو کوردستان و کەرکوک، هەموومان بەشداری هەڵبژاردن بکەین” بۆ لایەنە سیاسییەکانیان خسرایەڕوو، هاوکات ڕایانگەیاند، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ لایەنێک ناوی لایەنێکی دیکەی کوردی بە خراپ نەبات، هەوڵ بدرێت سیمایەکی شارستانی و جوان نیشان بدرێت، کە ڕەنگدانەوەی سیمایەکی کوردانە بێت.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتبوو، "هەر کێشەیەک ڕوویدا نەدرێت بە ڕاگەیاندنەکان، بەڵکو ئەنجومەنی لێ ئاگادار بکرێتەوە و داوایان کرد لە دوا ساتەکان کاندیدی هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە لە شوێنێکی گونجاو، بانگەوازێکی هاوبەش بدەنە کوردی کەرکوک، بۆ هاندانی خەڵک و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستە کوردستانییەکان، لە ئێستاوە بیر لە دیاریکردنی پارێزگارێکی بە توانا و لێهاتوو شایستە بکرێتەوە، کە بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییانی کەرکوک بەبێ جیاوازی بکات".

 

ئەو چالاکوانانە پێشنیازێکییان خستە ڕوو و داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی باڵای کوردستانیان کرد، بۆ پشتیوانی ئەو هەڵمەتە و لە خەڵکی شارەکە پێک بێت.