ڕژێمی ئێران ڕەتی دەکاتەوە نێرگس محەمەدی بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە

سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵەوە دەناڵێنێت، بەڵام ڕژێمی ئێران ڕەتی کردەوە کە نێرگس محەمەدی بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی بڕیاربوو ئێوارەی چوارشەممە  ١٥ی تشرینی دووەم لە زیندانی ئەڤینەوە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ.

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند کە جارێکی دیکە ناگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دڵ بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە حیجابی زۆرەملێ بکات، هەروەها تۆمارێکی دەنگی لە ناوەوەی زیندانەکەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا زیندانییەکان هاواریان دەکرد "برا، زیندانییەکەم، پشتیوانی، پشتیوانی".

 

لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: دوای ئەوەی مۆڵەتی هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەکە دەرچوو بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بەپەلە، کاتژمێر ٩ی بەیانی چوومە ڕاڕەوەکە و بەڕێوەبەری زیندانەکە وتی داواکاری گشتی فەرمانێکی نووسراوی دەرکردووە کە تۆ ناتوانیت زیندان بەجێبهێڵیت بەبێ حیجاب، وتم: دەزانی دڵم چۆنە؟ ئەو وتی بەڵێ، بەڵام ئەگەر حیجاب نەکەیت، ئەوا ناڕۆیت.

 

نێرگس محەمەدی جەختی لەوە کردەوە کە "ڕژێمی شەرمەزار، ستەمکار و ڕق لە ژن بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکەی بپارێزێت، هەموو ئامڕازەکان بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی تیرۆر و سەرکوتکردن و کوشتن و ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی کۆمەڵگە، ئەرکی مرۆیی ئێمەیە کە لە بەرامبەر ستەمکاری ڕژێمە نادادپەروەرەکەدا بێدەنگ نەبین و خەبات نەوەستێنین.

 

بەپێی ئەنجامی تاقیکردنەوە پزیشکیەکان کە دوێنێ ئەنجامدران، نێرگس محەمەدی دەناڵێنێت بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ و کۆبوونەوەی شلە لە دەوروبەری دڵ و هەوکردنی توند.