"قەیوم لەبری خزمەتکردنی گەل کار بۆ شەڕی تایبەت دەکات"

ژنانی هەڵبژێردراو ڕایانگەیاند، قەیومەکان لە هەرێمەکە کاردەکەن بۆ سیاسەتی شەڕی تایبەت، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان لەم پرۆسەیەدا و خواستی خۆمان هەیە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد، هەروەها قەیومەکان کە لە شارەکانی باکووری کوردستان دامەزراون دەستیان بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کردووە بە تۆمارکردنی نایاسایی دەنگدەران لە ناوچەکاندا، ئەو کەسانەی کە بودجەی شارەوانی بەکاردەهێنن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و هۆزەکان لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەدا کاریان بۆ گەل نەکردووە، خزمەتی خەڵکیان نەکردووە، ئەوان بۆ سیاسەتی جەنگی تایبەت کاریان کردووە، هەموو ئەو کارانەیان ڕاگرتووە کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە.

 

ئەو سیاسەتمەدارانەی کە هەڵبژێردراون لە شوێنی ئەوان قەیوم داندراون، ڕایانگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا لەگەڵ گەلدا کار دەکەن و کۆتایی بە کاری قەیوم دەهێنن.

 

یاسەمین ئوچەر، هاوسەرۆکی شارەوانی پیران ڕایگەیاند، قەیرانی کۆمەڵایەتی گەورە لە ناوچەکەدا هەیە و هیچ کارێک بۆ گەلی ناوچەکە نییە، گەنجان ناچار دەکرێن ڕووبەڕووی سیاسەتی جەنگی تایبەت ببنەوە، بێکاری هەیە، ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن و ناچار دەکرێن کۆچ بکەن لەژێر فشاری سیخوڕیدا، قەیومەکان بە "فێڵ" چوونە ناو شارەوانییەکان و جارێکی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان یاری دەکەن.

 

"قەیوم خزمەتی شەڕی تایبەت دەکات"

یاسەمین ئوچەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو قەیومانەی دەستنیشانکراون بۆ ژنان یان کۆمەڵگە کار ناکەن، تەنها خزمەتی سیاسەتی جەنگی تایبەتیان کردووە لەم پڕۆسەیەدا، وتی: سیاسەتەکانی ئاکەپە ئێستا لە ناوچەکە جێبەجێکراون، وەک هەموو شوێنەکان لە پیران هیچ شوێنێک بۆ ژنان و گەنجان نەبوو، ماڵی داڵدەی ژنان هەبوو، یەکەم شت کە ئەنجامیان دا ئەوە بوو دایانخست، لەبەر ئەوەی ئەوان کار لەسەر کشتوکاڵ ناکەن، ڕێگایان بۆ کۆچی گەنجان کردەوە، بە هیچ شێوەیەک خزمەتی خەڵکیان نەکرد، ئەو بودجەیەی کە پێویستە بۆ گەل خەرج بکرێت بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزگاکان خەرج دەکرێت، لە ماوەی ٥ ساڵدا هیچ پڕۆژەیەک بۆ هەرێم نەکراوە بە پێچەوانەوە، ئەوان لەگەڵ ئەو سیاسەتانە کار دەکەن کە کۆمەڵگە بڵاو دەکەنەوە، هەموو ئەو سیاسەتانەی پەیوەندییان بە کۆمەڵگاوە هەیە پێچەوانە بوونەتەوە. لە جیاتی ئەوەی خزمەت بکەن، ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشییان لەناو گەلدا بڵاوکردەوە.

 

"بە زانینی کەموکوڕییەکانی سەردەمی پێشوومان کار دەکەین"

یاسەمین ئوچەر ئاماژەی بەوەدا بە بینینی ئەو فێڵ و یارییانە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەن و بە ڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ڕابردوو کار دەکەن، هەروەها خۆیان بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ گەلدا ئامادە دەکەن، وتی: بەو قەیومانەی لە ساڵی ٢٠١٦ دا دیاریکراون، زۆرێک لە شارەوانییەکانمان کەوتوونەتە قەرزەوە، هیچ پارەیەک لە قاسەی شارەوانی نەماوە ئەم پارەیە بۆ گەل خەرج نەکراوە، بەڵکو بۆ سیستمەکە خەرج دەکرێت، لە ماوەی داهاتوودا شارەوانییەکانمان زیاد دەکەین، سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی دەربارەی ژنان و کۆمەڵگە دروست دەکەین، دەچین بۆ هەڵبژاردن بە گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم دوو ماوەیە، بە زانینی کەموکوڕییەکانمان لە ڕابردوودا کارەکانمان بە گوێرەی ئەوە ئەنجام دەدەین.

 

"قاسەی شارەوانییەکان بۆ گەل نییە بۆ تەریقەتە"

نەڤریە چور، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی یەنیشەهری ئامەد کە لە تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ قەیوم جێی گرتەوە، ڕایگەیاند، قەیوم لەبری ئەوەی بودجە بۆ گەل خەرج بکات بۆ تەریقەتی خەرج کردووە، قەیوم لەم قۆناغەدا کاری هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام دەدات و هەوڵدەدات دەنگدەرانی ئایینی لە ڕێگەی "سەردانیکردنی عەمرە" یان "کۆرسی قورئان" ڕێکبخات، لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەدا، بینیمان قەیوم بە شێوەیەکی جددی دەبێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی خزمەتگوزارییەکان، هیچ پارەیەک لە سندوقی شارەوانییەکاندا نییە، گەڕەکەکان بۆ کرێ دەفرۆشن، ئەم دۆخە تەنها بۆ یەنیشەهر نییە، بەڵکو لە هەموو شارەوانییەکان بەم شێوەیەیە.

 

"هەموو هەنگاوێک لەگەڵ گەل دەگرینەبەر"

نەڤریە چور ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە خەباتی زۆر شارەوانییەکان لە دەستی قەیومەکان دەبەن، بۆ ئەم مەبەستە سیاسەتی جەنگی تایبەت دەوەستێنن، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بودجە بۆ گەل خەرج ناکرێت، بەڵکو بۆ تەریقەت و تایەفەیە، لە جێی گەنجان، شارەوانییەکە خزمەتی سیاسەتی جەنگی تایبەت دەکات لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی زۆر پیس، ئاگادارین قەیوم لە ئێمە باشتر دەزانێت ئەرکی شارەوانییەکان چییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تاکە ئامانجیان کرێیە، ئەوان گرنگی بە بەرژەوەندی گەل و خزمەتگوزارییەکان نادەن، ئەم سیستمە سیستمێکی نایاساییە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەم سیستمە لەناودەبەین، هەموو هەنگاوێک دەنێین لەگەڵ گەلدا هەرگیز ئەم سیستەمه قبوڵ ناکەین.