زار ئەمیر ئیبراهیمی؛ براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆکیۆ

زار ئەمیر ئیبراهیمی وەک باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی فیلمی تۆکیۆ هەڵبژێردرا و فیلمی تاتامی، کە ئەم ئەکتەرە دەر‌هێنەر و ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، خەڵاتی لیژنەی دادوەریشی بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی تشرینی دووەم فیلمی سینەمایی تاتامی، لە دەرهێنان و ڕۆڵی زار ئەمیر ئیبراهیمی، ئەکتەر و دەرهێنەری ئێرانی دانیشتووی فەرەنسا، لە ٣٦ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆکیۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵە و خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری پێبەخشرا.

 

چیرۆکی فیلمی تاتامی، کە دەرئەنجامی هاوکاریی زار ئەمیر ئیبراهیمی لەگەڵ دەرهێنەری ئیسرائیلی گای ناتیۆیە، باس لە ژنە جودۆکایەکی ئێرانی دەکات بە ناوی لەیلا، کە ئارین مەندی ڕۆڵی دەگێڕێت و لەگەڵ ڕاهێنەرەکەی مریەم دەچێتە پاڵەوانێتییەکانی جیهان کە زار ئەمیربراهیمی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت .

 

لەیلا چانسی وەرگرتنی میدالیای زێڕی دەستدەکەوێت ئەگەر بەرامبەر ڕکابەرە ئیسرائیلییەکەی یاری بکات، بەڵام بە فەرمانێک لە تارانەوە ڕێگری لێدەکرێت ئەو یارییە بکار، بۆیە ئەم وەرزشوانە دەبێت ناڕاستگۆ بێت بەرامبەر بەرپرسانی فیدراسیۆنی جیهانی، تا ڕووبەڕووی ئەو وەرزشوانە ئیسرائیلییە نەبێتەوە؛ ئەم بڕیارەش دەتوانێت چارەنووسی ژیانی بگۆڕێت.

 

ئەم فیلمە لە چیرۆکی ڕاستەقینەی وەرزشوانانی ئێران وەرگیراوە کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون لە کێبڕکێ لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسرائیل بکشێنەوە.

 

ئەم فیلمە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە شاری تفلیسی پایتەختی جۆرجیا وێنە گیراوە کە زۆر لە ئێرانەوە نزیکە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بە نهێنی کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە و هیچ زانیارییەک بە میدیاکان نەدراوە.