بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیاوە هاوڵاتیان بێبەشن لە کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان

دانیشتووانی گوندەکانی سنوور بەهۆی بۆردومانکردنی بەردەوام بێبەشن لە کۆکردنەوەی بەروبوومەکانیان لەسەر هێڵی بەرکەوتن، کە دەگاتە زیاتر لە ٦ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا جوتیاران دەست دەکەن بە دروێنەکردنی وەرزی زەیتوون، لە کاتێکدا گوندەکانی تەنیشت هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکان بە فرمێسکەوە چاودێری ڕەزەکانیان دەکەن بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەسووتێن و ناتوانن بەروبوومەکانیان دروێنە بکەن، ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی داگیرکاری دەبنەوە.

 

خەڵکی گوندە سنوورییەکان داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن کە بژێوی ژیانیانی کردووەتە ئامانج و ڕێگربووە لە دروێنەکردنی بەروبوومی زەیتوون.

 

بەپێی ئەو ئامارەی کە لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵەوە لە شاری مەنبج نیشاندراوە، ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کە لەسەر هێڵەکانی تەنیشت ناوچە داگیرکراوەکان لە هێڵەکانی ئەلیاستی و ئەلفارات بڵاوبوونەتەوە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای مەنبج درێژ دەبێتەوە بە ١١ هەزارو ٩٠٦ هێکتار مەزەندە دەکرێت، ٦ هەزار هێکتاریان لەسەر هێڵی بەرکەوتنن و لەژیر  بۆردومانی بەردەوامدایە.

 

"چیتر سوود لە بەرهەمی دارەکان وەرناگرین"

زەکیا محمەد خەڵکی گوندی دندانییە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بۆردومانەکان لەسەر ئابووری، چونکە پشت بە بەروبوومی وەک هەنار و زەیتوون دەەبەستن، وتی: پشت بە داهاتی خۆمان لە دارستانی زەیتوون دەبەستین و لەبەر ئەوەی خاکەکەمان لەسەر هێڵی بەرکەوتنە ناتوانین سوود لەوە وەربگرین و بەرهەمەکان کۆبکەینەوە یان خزمەتی بکەین، ئێمەی خاوەن زەیتوون زەیت و زەیتوون دەکڕین چونکە چیتر هیچ شتێک لە خاکەکەمان کۆناکەینەوە، ڕاستی ئێمە وەک خەڵکی گوندە سنوورییەکان لەگەڵ داگیرکاری تورکیا جێی داخە و بۆردومانی چڕی سەر گوندەکەمان ڕەنگدانەوەی نەرێنییە لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان لە هەموو لایەکەوە.

 

وتیشی: هەموو وزەی خۆمان بەخشییە ئەو درەختانە، کە وەک تۆو چاندمان، بیرمان هەڵکەند تا گەیشتە بەرهەم، ئەمڕۆش لە ئەنجامی پێشێلکارییەکانی تورکیا، لە بەرهەمەکانیان بێبەش بووین، لەکاتی دەستوەردانی داگیرکاری تورکیا لە خاکی سووریا و داگیرکردنی ناوچەیەکی گەورەی سووریا، لەوانە گوندەکانی تەنیشت خاکەکانمان، لەم بارودۆخەدا دەژین، بۆردومان هەڕەمەکییەکان ترسناک بووە و لەم دواییانەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش لە ئاسماندا دەفڕن، بووەتە ترسێنەر بۆ دایک و باوکان و منداڵان، پرسیار دەکات، "ئەمە ئیسلامەتییە چییە کە تورکیا داوای دەکات؟ کەی ئیسلام ترس بڵاودەکاتەوە و منداڵان دەکوژێت؟.

 

"٦ ساڵە لە دڵەڕاوکی و ترسدا دەژین"

لە لایەکی دیکەوە، ئەحلام تامر لە گوندی دندانییە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دۆخی شەڕ کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵە بەردەوامە، وتی: لەکاتی قەیران و جەنگەوە، بە ئاسوودەیی نەژیاوین و لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا و بۆردومانکردنی گوندەکانمان، هەمیشە لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ترس و گرژیدا دەژین، لە لایەکەوە زەوییەکان بۆردومان دەکرێن، لە لایەکی دیکەوە ماڵەکانمان ڕووبەڕووی بۆردومانی بێ جیاوازی دەبنەوە، خوێندنگەی گوندە سنوورییەکان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ خوێندنیان ڕاگرتووە لە ترسی ژیانی منداڵان، ئەم ماوەیە هاوکات دەبێت لەگەڵ وەرزی دروێنەی زەیتوون، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەوە، بەروبوومی زەیتوونمان کۆنەکردووەتەوە ئەمە یەکەم ساڵ نییە کە لە دروێنەکردنی دانەوێڵە بێبەش بووین، بۆ ماوەی ٦ ساڵە لەم دۆخەدا دەژین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سووربوون لەسەر کارکردن لەم بارودۆخەدا یەکسانە بە یاریکردن بە مردن، چونکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ نزیکبوونەوە لەو زەوییانەی کە بوونەتە شوێنی بۆردومان، ئەمەش نەک تەنها بۆ دار زەیتوونەکان، بەڵکو لەگەڵ ڕەزە مێوەکانی هەنار و ترێش بەهەمان شێوەیە پێویستیان بە چاودێری و بەدواداچوونێکی بەردەوام هەیە، هەموویان زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو چاودێری نەکراون.