لە قەندیل دژی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک گردبوونەوە کرا
لە دژی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بناری قەندیل، هاوڵاتیانی گوندی ئالیە ڕەش لە بناری قەندیل گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
ناوەندی هەواڵ
هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و شەوی ڕابردوو ١ی تشرینی یەکەم دوای بۆردوومانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بناری قەندیل، بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل لە گوندی ئالیە ڕەش، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لەلایەن هاوڵاتیان و کەسوکاری شەهیدانی بناری قەندیلەوە لە دژی هێرش و بۆردوومانەکان لە بناری قەندیل ئەنجامدرا.
ڕەسوڵ مەحەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، سەبارەت بە بۆردوومانەکان قسەیکرد و وتی: بەتوندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین و داواکارین لە هەر چوار بەشی کوردستان کە هەڵوێستیان لە دژی ئەم هێرش و داگیرکارییانە هەبێت و چیتر بێدەنگ نەبن، ئێمەی کورد پێویستمان بە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییە، هەروەها داوا لە لەكۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بە بایەخەوە کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و بكەرانی ئەم دەستدرێژییە سزا بدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە لە ٢٧ی ئەیلوول فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دووجار لەسەر یەک بۆردوومانی دوو گوندشین گوندی بۆکریسکانی لە قەندیل کرد و بەهۆیەوە دوو گوندنشین، بە ناوەکانی ئەستی محەمەدی ٥٠ ساڵ و میرزا ئیبراهیم بریندار بوون و بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، ئەستی محەمەد لە ڕێگادا بەرەو نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە بەرواری ٥ی ئەیلوولدا فرۆکە بیفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگریان لە نزیک شارەوانى بناری قەندیل کردە ئامانج و زیانی ماددی زۆری بە هاوڵاتییان و شارەوانى بناری قەندیل گەیاند، هەروەها ٢٠ی ئەیلوول بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکیی دیکەیان لە نزیک گوندی ئێنزێ لە بناری قەندیل کرد و هیچ زیانێکی گیانى نەبووە.