"ژنانی کورد لە ئێران ڕووبەڕووی دوو هێندە سەرکوتکردن بوونەتەوە"

سومەیە.س، چالاکوان ئاماژە بەوەدەکات،  ژنانی کورد بەهۆی سروشتی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕووبەڕووی چەندین جەنگ بوونەتەوە و شۆڕشی ئەم دواییە وەڵامێک بوو بۆ ئەو ستەمەی کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ژونا ئەردەڵانی

 

سنە- ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ژنانی کورد هەمیشە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگەوە کە هەمیشە بە کەمتر سەیریان دەکرێت، لەسەر بنەمای جێندەر و ناسنامە جیاکارییان لە دژی کراوە، بەڵام ژنان لە دژی بیرکردنەوەی پیاوسالاریی هەستاونەتەوە و هەوڵیان داوە مافەکانیان بۆ ژیانێکی ئازاد بگەڕێننەوە.

 

سەبارەت بە داواکارییەکانی ژنانی کورد لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" سومەیە.س، چالاکوانی مافەکانی ژنان وتی: وەک ژنێکی کورد، خەباتم کردو هەمیشە بواری ژیانم وەک شەڕێک بینیووە، بۆ من ئەمە شێوازێکی ژیانە و بەشێک لەم شێوازەی ژیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جوگرافیایەی تێیدا ژیاوم، ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێنێکی ستراتیجی هەیە و چەندین شەڕی سەپێندراوی بەخۆیەوە بینیووە، کە خەڵکەکەی بە جەنگ ئاشنا کردووە، لەبەر ئەم هۆکارەش ژنانی کوردیش ڕووبەڕووی کاریگەرییە وێرانکەرەکان بوونەتەوە و زیاتر لەوانی تر تامی ئاوارەبوون و ئاوارەبوونی زۆرەملێیان کردووە.

 

"ژیان و ناسنامەمان چەندین ساڵە پشتگوێ دەخرێت"

وتیشی: ژنانی کورد لەژێر باری چەوساندنەوەی دوو لایەنەدان، بۆیە ژنان لە چەند بەرەیەکدا تێکۆشان دەکەن، چونکە ئەوانیش باری نەتەوەیی و ئایینی و جیاکاریی دیکەیان هەڵگرتووە، هەرچەندە سەرکوتکردن دژی ژنان جیهانییە، بەڵام بۆ ئێمە خەبات بە زۆر ڕێگادا تێدەپەڕێت بۆ گەیشتن بە ڕێگای سەرەکی، ئەرکی ئێمە زیاترە لە ژنانی دیکە کە لەوانەیە تەنها لەڕووی ڕەگەزییەوە چەوسێندرابنەوە، ئەزموونی خەباتی ڕاپەڕینەکەی ڕابردوو بۆ من و ژنانی دیکەی ئێران جیاوازە، بۆچوونی ئێمە وەک تێڕوانینی ژنانی تاران یان شارەکانی دیکە نەبوو، ئەمەش لە خۆیدا کێشەی ئێمە نەبوو، لە ئێران، ئێمە کەمینەیەکی نەتەوەیی قبوڵنەکراوین و لە ژیانێکی سەختدا دەژین، لە مافەکانمان بێبەش کراوین، زمان و ناسنامەی ئێمە چەندین ساڵە پشتگوێ دەخرێت، بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەناڵێنن، ئەگەر نەتوانم خۆم لە جیاکاری ڕزگار بکەم، چۆن دەتوانم ڕووبەڕووی پیاوسالاری ببمەوە؟.

 

"بەدیهێنانی مافەکانی ژنان بەشێکە لە بەرنامەی سیاسی هەموو حزبە کوردییەکان"

سومەیە.س ئاماژەی بەوەشکرد، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان بەشێکە لە بەرنامەی سیاسی هەموو حزبە کوردییەکان، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی ژنانی کرد بە یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی حزبەکەی و جەختی لەوەکردەوە کە کۆمەڵگەیەک کە ژنان تێیدا ئازاد نەبن ئازاد نابێت، وتیشی: خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ ئازادی هێزمان دەداتێ و بیرمان دەخاتەوە کە بەتەنیا نین، خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی دژی داعش، بووەتە نموونەیەک بۆ ئێمە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی دیکە نموونەی خەباتی ژنانی کوردیان لەبەرچاوبوو، چونکە ژنانی کورد پێش ژنانی دیکەی ئێران کەوتن بەهۆی شێوازی ژیانیان و ئەو شێوازە خەباتەی کە چەندین سەدەیە بەردەوامە، وای لێکردن لە ڕاپەڕینەکەدا بوێرانەتر دەربکەون و ڕێگەیان بۆ ژنانی دیکەی ئێران کردەوە، تەنانەت دایکانی شەهیدیش بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوت دەکەن، چونکە لەگەڵ بنەماکانی شەهیدبوون ئاشنان، کە لە توورکیا، سووریا، عێراق و ئێران ئەزموونیان کردووە، ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە تێکۆشان و لەژێر ئەو ستەمەدا نین کە لەلایەن پیاوانەوە سەپێندراوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سومەیە.س وتی: ئازادی بۆ ئێمە لە دوایین شۆڕشەوە دەستی پێنەکرد، ئێمە چەندین ساڵە پێی ئاشناین، بەڵام لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا بە لێشاو لە ئێمەدا دەستیپێکرد وەک ئەوەی بگەڕێینەوە سەر بنچینەکانمان، هەرچەندە شۆڕشەکە لەلایەن ژنانی کوردەوە پێشەنگایەتی دەکرا، بەڵام هەموو ئێران و لەوانەشە هەموو جیهانیش بگرێتەوە، ئەم بزووتنەوەیە ژنانی بە ژیان و ئازادییەوە بەستەوە، هەموو مرۆڤێک، لەهەر ئایین، سیاسەت و نەریتێک بێت، پێشوازی لەم دروشمە دەکات کە پڕە لە ئاشتی و ئازادی، ئەمە تەنها دروشمێک نەبوو بۆ پێکهاتە، بەڵکو پێویستی و وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو دۆخەی لە ئێراندا زاڵ بوو.