ژمارەی بە زۆر ئاوارە بووان لە سەرتاسەری جیهاندا لە زیادبووندایە

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا پشتڕاستی کردەوە، کۆی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و ئاوارە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە پێشتر نەگەیشتبووە ئەو ئاستە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا بە زۆر ئاوارە بوون، لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز تەشەنەی سەندووە، کە ١١٠ ملیۆن کەسە، هەروەها دۆخی ئۆکراینا و سودان ملیۆنان کەس ناچار دەکات لە وڵاتەکانیان هەڵبێن.

 

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، کۆی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتەکانیان هەڵدێن یان ئاوارە ناوخۆییەکان هەرگیز بەو ئاستە بەرزە نەگەیشتووە، ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ژمارەی ئاوارەکان بۆ ١١٠ ملیۆن کەس زیادی کردووە، بە پەنابەر و ئاوارەشەوە، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی ئەو ململانێیەی کە ماوەی هەشت هەفتەیە لە سودان بەردەوامە، بەرز بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاگەیاندنی ئەو جۆرە ژمارانە "شەرمەزارییە بۆ جیهان"، سەرەڕای ئەم ئامارانە بەڵام ژمارەکان ڕاستەقینە نین.

 

ڕاپۆرتی ئاوارەبوونی زۆرەملێ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی دوو دەیەی پێش ململانێی سووریا، کە لە ساڵی ٢٠١١ سەریهەڵدا، ئاستی ئاوارەبوونی جیهانی نزیک بوو لە جێگیربوون لە نزیکەی ٤٠ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکان، بەڵام ئەو ئاستە لەو کاتەوە ساڵانە شایەتی بەرزبوونەوە بووە، ئێستا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، بەو پێیە لە هەر ٧٤ کەس یەکێکیان لە ئێستادا ئاوارەن.

 

کۆمسیۆنی باڵا هۆکاری بەرزبوونەوەی بۆ ململانێ، گۆشەگیری، جیاکاری، توندوتیژی و گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندەوە، نزیکەی نیوەی کۆی گشتی پەنابەران و ئەوانەی پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە، تەنها لە سێ وڵاتەوەن، ئەوانیش سوریا، ئۆکراینا و ئەفغانستانن.