بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ژنێک دوو تۆمەتبار دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوو تۆمەتبار هێرش دەکەنە سەر ژنێکی گەنج و سوکایەتی پێدەکەن و تەقە دەکەن بە سەریدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، بەتۆمەتی‌ سوكایەتیپێكردن‌ و هێرشكردنە سەر ژنێك و ڤیدیۆكردنی، دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی‌ نوسینگەی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ كوردسات دەستگیركران.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای‌ ئەوەی‌ ژنێك سكاڵای‌ یاسایی‌ تۆماركرد كە موبایلەكەی‌ لێدزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا دوو تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە دەستگیربكرێن و دەستبگیرێت بەسەر مۆبایلەكەیاندا .

 

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەركەوتووە، كە تۆمەتبار چەند جارێك هەستاوە بەسوكایەتیكردن و هێرشەكردنە سەر ژنەكە و لە گرتەیەكیشدا كە لەشاخی گۆیژە و لەلایەن تۆمەتباری دووەمەوە تۆماركراوە، دەركەوتووە تۆمەتبار سوكایەتی بە ژنەكە دەكات و تەقەی بەسەردا دەكات .

 

لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ش، س، ع) لەدایكبووی‌ ١٩٩٩ و (ر، ح، ق) لەدایكبووی ١٩٩٧ بە بڕیاری‌ دادوەر ڕاگیراون‌ و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە .