ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: سوریا و دەوڵەتی تورک ڕێگرییان لە هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە کرد

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی شام و ئەو چەتانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕێگرییان لە هاوکارییە مرۆییەکان کردووە بۆ حەلەب، داوای کۆتاییهێنان بە دۆخەکە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە لە ٦ی شوباتدا ڕوویدا شاری حەلەب لە سوریا زیانی زۆری بەرکەوت، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم هاوکارییە مرۆییەکان و بانگەوازی بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حکومەتی شام و ئەو چەتانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێن ئاستەنگییان بۆ دروست دەکرێت، ئاماژەی بەوەکردووە کە لە ٩و ٢٢ی شوبات ڕژێمی سوریا بەلایەنی کەمەوە 100 بارهەڵگری پێویستی سەرەتایی وەک خواردن، کەلوپەلی پزیشکی و چادرەکان گەیشاتنە ناو ناوەندی حەلەب بەڵم لە گەڕەکە کورد نشینەکان ڕێگری کرا، گروپە چەتەکەن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێن ڕێگرییان لە لانیکەم 30 بارهەڵگری هاوکاریی کردووە بچنە ناو عەفرینی داگیرکراوەوە.

 

"خەڵک بەهۆی ئەوەی کە دەرمانیان بەدەستنەگەیشت گیانیان لەدەستدا "

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەم زانیاریانەی خوارەوەی سەبارەت بە ڕێگریکردنی هاوکارییەکان بڵاوکراوەتەوە:

"چوار کەس کەلەگەڵ ئەمنستی ئینتەرناشناڵەوە کۆبوونەوە دووپاتیان کردەوە کە سوپای نیشتمانی سوریا بەلایەنی کەمەوە ڕێگەی بە 30 بارهەڵگری سووتەمەنی و بارهەڵگری دیکەی یارمەتی مرۆیی نەداوە کە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ڕەوانەکراوە، بپەڕنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵیدایە.

 

حکومەتی سوریاش ڕێگەی لە یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە گرتووە، چاوپێکەوتنکەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵیان وتووە کە لە ٩و ٢٢ی شوبات حکومەتی سوریا بەلایەنی کەمەوە ڕێگری لە 100 بارهەڵگری پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و کەلوپەلی پزیشکی چادری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێکخراوێکی ناوخۆیی لە چونە ناو گەڕەکە کوردەکانی حەلەب کردووە.

 

لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ەوەوە حکومەتی سوریا گەمارۆیەکی قورسی لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کردووە و ڕێگری دەکات لە دەیان هەزار هاوڵاتی دانیشتووی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان و هاوکارییە سەرەتاییەکانی تر، پێش بوومەلەرزەکە، پێداویستی تەندروستی لەم گەڕەکانەدا بە نزیکەیی دابین دەکرا ئەمەش وای لە هاوڵاتیان کرد کەلەکاتی بوومەلەرزەکەدا نەتوانن بەرگری بکەن.

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوخۆی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند کە بەهۆی کەمی دەرمان و پێداویستییەوە لە بوومەلەرزەکە ٦ کەسی گیانیان لەدەستداوەو 100 کەسیش برینداربوون، ئەوەشی خستەڕوو کە تا ١٨ی شوبات دوای بوومەلەرزەکە هیچ سوتەمەنی و یارمەتیەکی مرۆیییان وەرنەگرتووە.

 

ڕێکخراوی ناوخۆیی ڕاستی و دادپەروەریی سوریا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا هاتووە کە گروپە چەتەکانی سەربە تورکیا لە ڕێگەی ترەوە ڕێگری لە هاوکارییەکانی باکوری حەلەب و حکومەتی سوریا دەکەن.

 

ئایا مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای سەر بە ڕێکخراوەکە لە راگەیەندراوەکەدا وتی: "بوومەلەرزەکان دەیان هەزار کەس کە بەهۆی ئەو شەڕە چەکدارییەی کە ماوەی دە ساڵە لە حەلەبدا تێدەکۆشن خستە ڕەوشیکی ناهەموارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەم ساتە نائومێدییەدا حکومەتی سوریا و گروپە چەتەکانی سوریا پەیرەوی سیاسەت دەکەن و سوودیان لە بەدبەختی خەڵک وەرگرتووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندای خۆیان، گەمارۆی سیاسی دەخەنە سەر هاوکارییەکان ئەمەش ئەنجامی تراژیدیی هەبووە".