یادەوەری دایکێکی کورد و خەباتەکانی لە ژێر فشاری ڕژێمی بەعسدا

لەیلا گولۆ، دایکی دوو شەهیدە کە لە ساڵانی هەشتاکاندا تەڤگەری ئازادی ناسیوە و منداڵ و گەنج و ژنانی ڕێکخستووە، دەڵێت: شۆڕشی ئەمڕۆی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاودەنگی ژنان وەڵامی ساڵانی ڕابردووە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە سەختترین ڕۆژدا لە ژێر فشار و چاودێری ڕژێمی بەعسی سوریادا بۆ سەر گەلی کورد، دەیان ژنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشنای تەڤگەری ئازادی دەبن و بە ژنانی دەوروبەریشی دەناسێنن، ژنانی کورد لە سەختترین کاتدا دەتوانن ژنان و کۆمەڵگە ڕێکبخەن.

 

لەیلا گولۆ یەکێکە لەو ژنانەی لە ژێر فشاری توندی ڕژێمی بەعسی سوریادا بێوچان لە خەباتدا بووە و بەسەرهاتی ژیانی، بەسەرهاتی گەلێکی چەوساوە و ژنێکی تێکۆشەرە.

 

لە تەمەنی ٦ ساڵیدا ژنانی پێشەنگ دەناسێت

لەیلا گولۆ دایکی دوو شەهیدە بە ناوەکانی عیسا و عەلی، ئاماژەی بەوەدا لە تەمەنی ٦ ساڵیدا ژنانی پێشەنگی تەڤگەری ئازادی ناسیوە و وتی: ئێمە پێشتر تەڤگەری ئازادیمان دەناسی و سەردانی ماڵمانیان دەکرد، بەڵام ئێمە ئەم شتانەمان نەدەزانی چونکە منداڵ بووین، ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی گەورە بووین، کاتێک لە پۆلی ٤-٥ بووم، بەشداریم لە خەباتی منداڵاندا کرد، لەو تەمەنەدا، من هەم بەشداری کۆبوونەوە دەبووم هەم کۆبوونەوەم بۆ منداڵان ئامادە دەکرد، ڕاهێنانی ئێمە دەربارەی فێربوونی زمانی کوردی و چیرۆکی گەریلا بوو، گەریلاکان بیرەوەرییەکانیان بۆ باس دەکردین و ئێمە دەمانکردە چیرۆک و لەگەڵ منداڵاندا هاوبەشمان دەکرد، چیرۆکەکانمان لە ڕاستی کۆمەڵگە و ئەو پڕۆسەیەی کە تێیدا بووین پێکدەهات، لە پۆلی ٦ من بەشداریم لە بەشی گەنجان کرد ئەمجارە دەستمان کرد بە ڕێکخستنی گەنجان و خوێندنەوەی گۆڤاری "دەنگی کوردستان"، بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕێکخستنی منداڵان و گەنجان بەنهێنی ئەنجام دەدرا.

 

ڕێکخستنی ژنان...

لەیلا گولۆ ڕایگەیاند، کە ڕژێمی بەعسی سوریا چەندین ژنی دەستگیر دەکرد و وتی: جموجوڵ و کۆبوونەوەکانمان بۆ ڕێکخستنی ژنان و خەڵک نهێنی بوون و ڕژێمی بەعس لەو کاتەدا چەندین ژنی دەستبەسەرکرد، ڕژێم هەمیشە شوێنمان کەوتبوو و لەو ڕۆژەی لە ماڵێکدا کۆبوونەوەمان دەکرد ڕۆژی دواتر هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و خاوەنەکانیان دەستبەسەر دەکرد و یەک بە یەک هەموو ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردن، ژنان بە نهێنییەوە ئامادەیی کۆبوونەوەکان بوون و پەرتوکی "بەرخۆدان ژیانە" و "کێشەی تاکەکەسی" یان دەخوێندەوە، لە هەر شوێنێک ئەم پەرتوکە ببینرایە، خاوەنی ماڵەکە دەستبەسەر دەکرا، زۆربەی کات، ئێمە پەرتوکمان خستە ناو جانتا و لە ژێر زەویدا دەمانشاردەوە، ئێستا دەیان پەرتوکی نهێنی کوردی لەژێرزەمینی چەندین ماڵدا هەن، هەندێ جار تەنها پەرتوکێک بەردەست بوو بە نۆرە دەخوێندرایەوە، ئەو ماڵەی کە خوێندنەوەی تەواو دەکرد ڕادەستی ماڵی دراوسێ و دۆستەکانی دەکرد، پەرتوکەکە کە لای کۆتا ژن دەخویندرایەوە دواتر دەخرایە ژێر زەوی و دەشاردرایەوە، ئەمە نهێنی کۆبوونەوەکانمان بوو، لە ڕێگەی تێبینییەوە ژنانی گوندەکانمان لە یەک ماڵ کۆدەکردەوە و لە ماڵێکی تر کۆبوونەوەمان دەکرد بۆ ئەوەی ڕژێمی بەعس فشار نەخاتە سەر ئەو ماڵە، لەلایەنی ئەمنییەوە بە باشی کارمان دەکرد و خۆمان دەپاراست، لەو کاتانەی کۆبوونەوە دەکرا ژنێک پاسەوانی گەڕەکەکە و یەکێکیش لەبەردەم دەرگاکە بوو، سەرەڕای فشار و زەحمەتییەکان کۆبوونەوەکانمان بە ئەنجام بوون.

 

لەیلا گولۆ وتیشی: ڕژێمی بەعس فشاری زیاتری خستە سەر کورد و ژنانیان وەک شەرەف دەبینی، ڕژێم بە پیاوەکانی وت کە ئێمە ژنەکانتان دەستگیر دەکەین و ئەشکەنجەیان دەدەین، لەو کاتەدا خێزانە کوردەکان ئەمەیان پەسەند نەکرد و پێیان قورس بوو، ژنانیان کردە بیانوو بۆ فشارخستنە سەر پیاوان و ڕێگەنەدان بە بەهێزبوونی ڕێکخستنەکانیان، لەوکاتەدا چەندین ژن دەستگیرکران و بێسەروشوێن کران، ڕۆژانە هێرشیان دەکردە سەر خێزان و وڵاتپارێزان و پەڕۆی سەوز و سوور و زەردیان بە ئێمە ببینیایە، خزمەکانمانیان دەستگیر دەکرد.

 

"شۆڕشی ئەمڕۆی ژنان وەڵامی ڕۆژانی ڕابردووە"

لەیلا گولۆ ئەوەیخستەڕوو کە ژنان سنووریان بۆ دانراوە بەڵام مافیان هەیەو وتی: ژنان ئێستا ئەم ڕاستییەیان بینیوە، هۆشیاری و کۆمەڵگەیان گۆڕی و وتیان ئێمەش هەین، زۆرێک لە پێشەنگانی تەڤگەری ئازادی کاتێک لەگەڵ ژنانی کۆمەڵگەدا باسی خەباتیان دەکرد سەریان سوڕما، ژنان گەیشتنە ئەو ئاستەی کە چالاکیی فیدایی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەستی دوژمن و خیانەتکارەکان نەکەن، ڕێکخراوی ژنان تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ئەو شۆڕشەی کە ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەیسەند وەڵامی ئەو ڕۆژانە و ساڵانی ١٩٨٠ بوو.

 

"ژنان وەک شانەی هەنگ بۆ یەک مەبەست تێدەکۆشن"

لەیلا گولۆ خستیەڕوو کە سەرنجی ژنانی ئەوروپایان ڕاکێشاوە و وتی: هەندێک لە ژنانی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا کە بەشداری شۆڕشەکەمان بوون، میوانی من بوون وتیان کاتێک ئێوەمان بینی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن چۆن بەرگریتان دەکرد، ئیلهاممان وەرگرت و سەرسام بووین، لەو کاتەدا ژنان تێگەیشتبوون کە هەموو شتێک بەدەستیان خۆشی دێنێت بەنرخترینیان ئازادییە، ئەمڕۆ ئێمە وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوکاری خۆمان پەیامی خۆمان گەیاندە هەموو ژنانی جیهان و ئێستا ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هەموو ڕەنگ و زمانەکان وەک شانەی هەنگ بۆ هەمان مەبەست تێدەکۆشن، ئەویش ئازادیە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و شۆڕشەکەمان سەردەکەوێت.