کژار بۆ ٨ی ئادار: ناهێڵین هیچ ژنێک بێ ڕێکخستن و بێ پاراستن بمێنێتەوە

کژار بەشداری دەستپێشخەرییەکەی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە دەبێت و ڕایدەگەیەنێت، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، سەرکەوتنی شۆڕشی ژن مسۆگەر بکەین" ٨ی ئادار مەشخەڵی ئازادی گەشتر دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار، بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، سەرکەوتنی شۆڕشی ژن مسۆگەر بکەین" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم سەردەمە بە خۆڕاگری، یەکگرتوویی، تێکۆشان و پێداگری بۆ ئازادی ڕازاوەتەوە".

 

لە بەیاننامەکەدا کژار ئاماژەی بەوەدا، فەداییان و پێشەنگەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کولتووری سەرهەڵدان و خۆڕاگری ٨ی ئاداریان گەیاندەوە واتای راستەقینەی خۆی، ئاڵای سەرکەوتنیان بەرزکردەوە و دیموکراسیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد. ٨ی ئادار، رۆژی تێکۆشان و سەرکەوتنی ژنان بوو لە بەرامبەر چەوساندنەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و پیاوسالاری جیهانی، ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە وێڕای شۆڕشی مەزنی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە بەهێزترین تۆڵە لە عەقڵیەتی پیاو، دوەڵەت و سیستەمی سەرمایەداری مۆدێرن".

 

ڕژێم بە ناوی جیاواز سەرکوتی ژنان دەکات

کژار باس لە گرنگی ٨ی ئادار بۆ ژنانی ئێران دەکات، چونکە ٤٥ ساڵە بە بەردەوامی دەسەڵاتی ئێران سیاسەتی لە ناوبردن و نکۆڵی کردن لە کولتوور، شووناس و هەبوونی گەلان بەڕێوە دەبات، هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " ساڵی ١٩٧٩ کاتێک ژنان دەیانویست بە بۆنەی ٨ی ئادار بڕژێنە شەقامەکان و داوای مافەکانیان بکەن؛ ڕژێمی دیکتاتۆر، هاتنە دەرەوەی ژنانی قەدەغە کرد. بەڵام لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا حکومەتی ڕژێمی ئێران، هەوڵی داوە بە ئەشکەنجە و سێدارە، ترس و خۆف لە دڵی خەڵکدا بچێنێت. دەیانەوێت بەم شێوەیە ئیرادەیان تەسلیم بکەن. دینیان کردە ئامرازی سەرەکی بۆ سەرکوتکردنی ژنان و نەتەوەکان. لەژێر ناوی حیجابدا هەموو مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانیان لە ژنان ستاند.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "میرات و تێکۆشانی سەد ساڵەی ژنان، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ژنانی کورد، بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە هێزی ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتی، ئەم پێشکەوتنانە ئیلهامبەخشن و هیوا دروستدەکەن و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ پێداگری بۆ ژیانێکی مانادارتر، ژیانێکی ئازاد و گەورەتر دەکەن. بەتایبەتی ئەو خۆڕاگری و تێکۆشانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەرەی سەندووە، رەمزی بەرخۆدانی ژنان و کۆمەڵگەیە و هێمای ژیان و شوناسێکی ئازادە، ژن، ژیان، ئازادی سەلماندی کە ئەم سەردەمە سەردەمی مۆدێرنیتەی ژنانە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئیدی ژنان بۆخۆیان، مێژووی ئازادیان دەنووسنەوە.

 

"٨ی ئادار مەشخەڵی ئازادی گەشتر دەکەین"

لە کۆتاییدا کژار ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە بەم ڕۆحەوە پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین، کە ژنان لە ساتەکانی ئازادیدا دەژین، ژنان بە خۆشەویستی، هیوا، بوێری و حەزکردنی ژنان بۆ ژیان، پێشوازی لە بەهارێکی نوێ دەکەن، پێویستە لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٣دا بە تێکۆشانمان مەشخەڵی ئازادی لە ڕۆژهەڵات و ئێران گەشتر بکەین و کۆتایی بە عەقڵیەتی داگیرکەری پیاوسالار لەسەر ژن و ژیان بهێنین، ئێمە بە پرۆسەیەکی هێندە هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕین، کە تەنها بە ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستن، دەتوانین شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە سەرکەوتن بگەیێنین".

 

کژار وەڵامی بانگەوازییەکەی کەژەکە دەداتەوە و لە بەیاننامەکەدا جەختدەکاتەو،ە "ئێمە وەکو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، بەشدار دەبین لەو دەستپێشخەرییەی کە کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" ڕایگەیاندووە، ئێمە لەو بڕوایە داین ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە، بە ئەزموونی چەندین ساڵەی ژنانی کورد دەنگی شۆڕشی ژنان بگەیەنێت بە هەموو بەشەکانی جیهان، هەموو ژنان و تاکەکانی کۆمەڵگە، پێویستە تێکۆشان و شێوازی ژیانیان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی' بڕازێننەوە و ببن بە خاوەنی خۆیان (خۆبوون)، لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە و لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ، ناهێڵین هیچ ژنێک بێ ڕێکخستن و بێ پاراستن بمێنێتەوە.