ئامانجی کۆمەڵەی شەویشکا داکۆکیکردنە لە مافەکانی ژنان

کۆمەڵەی ژنانی شەویشکا هەوڵدەدات بگاتە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دادپەروەر و دیموکراتیک، کە تیایدا ژنان ئەندامی چالاک و بەشدار بن لە هەموو بوارەکاندا.

لەیلا محەمەد

 

قامیشلۆ- کۆمەڵەی ژنانی شەویشکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کار بۆ بنیادنانی ژنان دەکات لە هەموو لایەنە ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ڕۆشنبیرییەکاندا، هەروەها پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵان و ژنانی زیانبەرکەوتوو بەهۆی شەڕەوە دەکەن.

 

سەبارەت بە دیارترین کار و ئامانجەکانی کۆمەڵەی ژنانی شەویشکا، کە لە ١٨ی تەمموزی ٢٠١٢ دامەزرا، نازەنین عەلی، ئەندام و ڕێکخەری کۆمەڵەکە دەڵێت: کۆمەڵەی شەویشکا لەلایەن کۆمەڵێک ژنەوە دامەزراوە، هەوڵی پێشکەوتنی ژنان دەدات لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، سیاسی و یاساییەوە و ئاواتەخوازە بگاتە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراتیکی دادپەروەرانە، کە ژنان ئەندامی چالاک بن تێیدا.

 

ڕوونیکردەوە، کۆمەڵەکە گرنگی بە ژنان و منداڵان داوە، چونکە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و زیانی شەڕ و ململانێیان لەسەرە، "کۆمەڵەی شەویشکا لەو دەستە ئیدارییە پێکهاتووە کە ئەرکی کارگێڕی و دارایی و چالاکی و پڕۆژە ئەنجام دەدات و سەرپەرشتی چالاکییەکانی کۆمەڵە دەکات، جگە لە سەرپەرشتیکردنی بودجە و پەسەندکردنی بودجەی دارایی و دەرکردنی بڕیاری پێویست بۆ کارکردن، هەروەها خۆبەخشەکان لە بواری گەشەپێدانی ژنان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان کاردەکەن".

 

ئامانجی کۆمەڵەکە برەودانە بە توانای ژنان

نازەنین عەلی ڕوونیکردەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەی شەویشکا بەرگریکردنە لە مافەکانی ژنان و پاراستنیان لە ستەم و توندوتیژی و نادادپەروەری، هەروەها پەروەردەکردنیان لەڕووی کولتووری و فیکری و سیاسییەوە بۆ ئەوەی بتوانن خاوەنی زانستە پێویستەکان بن، کۆمەڵەکە کاردەکات بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ ژنان لە ڕێگەی کردنەوەی پڕۆژەی بچووک بۆیان و ئەنجامدانی وۆرک شۆپ و ڕاهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی و تەکنیکی.

 

سەبارەت بەو پڕۆژانەی کە کۆمەڵەی شەویشکا کاری لەسەر کردووە، نازەنین عەلی دەڵێت: لەو کاتەوەی کۆمەڵەکە دامەزراوە، دەستمان کردووە بە کارکردن لەسەر دامەزراندنی شوێنێکی ئەدەبی، لەو ماوەیەدا ڕۆمانێک یان کتێبێک هەڵدەبژێردرێت و ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ ژنان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هەروەها چەندین خولی جیاواز کراوەتەوە، لەوانە خولی دروومان و خولی کۆمپیوتەر، خولی پەرستاری و کردنەوەی پڕۆژەیەک بەناوی "ژنانی سەرکردە"، کە پاڵپشتی ژنان دەکات لە ڕووی یاساییەوە و کۆبوونەوەی هۆشیاری بۆ ژنانی لەخۆگرتبوو لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، گرنگترین کار کە کردمان سەردانی کەمپی هۆڵ و واشۆکانی بوو، تا پاڵپشتی دەروونی و کۆبوونەوەی پەروەردەی تەندروستی بۆ ژنان لە ناو کەمپەکاندا پێشکەش بکەین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە مانگی تشرینی یەکەمدا کە بە مانگی پەمەیی ناسراوە، مانگی پەمەیی پشکنین لە چالاکییەکانی کۆمەڵەکەدا هەبووە، نامیلکەی هۆشیاری و ناساندن لەسەر شێرپەنجەی مەمک دابەشکراوە و لەگەڵ چەند دەزگا و ڕێکخراوێکی دیکە پڕۆژەکانمان بە هەماهەنگی بەڕێوەبردووە.

 

لە کۆتاییدا نازەنین عەلی سەبارەت بەو پلانانەی داهاتوو کە کۆمەڵەی شەویشکا هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، وتی: دەستمان بە کارکردن کرد لەسەر پڕۆژەی دیالۆگ بۆ گۆڕانکاری، بەو پێیەی پڕۆژەکە ئامانجی گۆڕینی هەندێک تێڕوانینی هەڵەیە کە لە کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبین لەسەر ئەم پڕۆژەیە.