دەستگیرکردنی هونەرمەندانی ژن کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە

زیاتر لە ٦٠٠ هونەرمەند لە جیهانەوە داوای ئازادکردنی تەرانە عەلیدۆستی دەکەن، هەروەها هونەرمەندی زیندانیکراو بەناوی ئیلهام مودەریسی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی جیهان هەڵمەتێکی ئۆنڵاینیان لە سۆشیاڵ میدیا دەستپێکردووە و تیایدا داوای ئازادکردنی تەرانە عەلیدۆستی دەکەن لە ژێر هاشتاگی "دادپەروەری بۆ تەرانە عەلیدۆستی".

 

دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر لە دوو هەفتە پێش ئێستا هونەرمەند تەرانە عەلیدۆستییان دەستبەسەر کرد، دەستبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئێران و جیهانیشدا زۆر لایەنی توڕە کرد، لەوانە بەناوبانگترین فێستیڤاڵە سینەماکانی جیهان، وەک فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی برلینال بوو.

 

سەدان هونەرمەند لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی جیهان، بەشدارییان لە هەڵمەتە ئۆنلاینەکەدا کردووە و دەڵێن: دەمانەوێت ئازاد بکرێت.

 

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپەینەکەدا، ئیلهام مودەریسی، هونەرمەندی دەستبەسەرکراو، ٢ی کانوونی دووەم دەستیکرد بە مانگرتن لە خواردن، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر درێژبوونەوەی دۆسیەکەی و نەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، چونکە تووشی نەخۆشی بۆماوەیی بووە، لەنامەیەکی دەنگیدا کە لە ناو زیندانەوە نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بارودۆخی تەندروستی بەرەو خراپتر دەڕوات.

 

لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا خوشکەکەی بەناوی نەهید مودەریسی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: ئیلهام بە توندی ئەشکەنجەی دراوە، چونکە دانپێدانانی زۆرەملێی نەکردووە، زۆر تاوانیان خستووەتە پاڵیان کە ئەنجامی نەداوە.

 

جێگای سەرنجە، ئیلهام مودەرسی، هونەرمەندی نیگارکێشی کورد، تەمەن ٣٢ ساڵە، خەڵکی شاری کەرەجە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ زیندانی "کەجووی" گواسترایەوە.