ڕژاک داوا دەکات بکەرانی هەردوو کۆمەڵکوژی فەرەنسا ئاشکرا بکرێن

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم سیستەمە مرۆڤکوژ و دژە ئینسانە دەیەوێت بەو شێوازە چەپەڵانە خەباتی ئازادی ڕابگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی لەبارەی دووەمین کۆمەڵکوژی کوردان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، عەقڵیەتی مرۆڤکوژ کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوبەشەکانی وەک حکومەتی فەرەنسا پێشەنگایەتی دەکەن، بەم کردەوانە کۆمەڵکوژکردنی ژن و گەلی کوردییان کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆیان.

 

لە بەیاننامەکەدا، ڕژاک ئیدانەی دووەمین کۆمەڵکوژی دەکات و ڕایگەیاند کە کوشتنی ژن و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرانی کورد لە پاریس یەکەمجار نییە، "ئەم کۆمەڵکوژییە درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆیە، هێزە پیلانگێڕەکان و دەوڵەت-نەتەوەکان لە کەسایەتی وڵاتپارێز و پێشەنگەکاندا کۆمەڵکوژی هەموو ژنان و گەلی کورد دەکەنە ئامانج، ئەم کۆمەڵکوژییە دڵنیامان دەکاتەوە، لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٣دا کە تێیدا سێ ژنە پێشەنگ و شۆڕشگێڕ شەهیدکران، دەسەڵاتدارانی فەرەنساش بەشداربوون.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕژاک ئاماژە بە عەقڵیەتی مرۆڤکوژ دەدات، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوبەشەکانی وەک حکومەتی فەرەنسا پێشەنگایەتی دەکەن، "بەم کردەوانە کۆمەڵکوژکردنی ژن و گەلی کوردییان کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆیان، ئەم سیستەمە مرۆڤکوژ و دژە ئینسانە دەیەوێت بەو شێوازە چەپەڵانە خەباتی ئازادی ڕابگرێت، دەیانەوێت گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و کۆمەڵکوژی و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بێکاریگەر بکەن".

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەو ڕێکخراوە جەختیکردەوە، 'کەس ناتوانێت بە گرتن و کوشتن ڕووباری ئازادی ڕابگرێت، چونکە ئێمە خاوەنی فەلسەفەی بەرخۆدان و سەرکەوتنین، بە گرتنی یەک کەس، ملیۆنان کەس دێنە مەیدان و بە کوشتنی یەک کەس، هەزاران کەس بڕیاری تێکۆشان و تۆڵەسەندنەوە دەدەن، بۆیە داوا لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین، بکوژانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە بە زووترین کات ئاشکرا بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.