موژگان ئیلانلوو دەرهێنەری زیندانیکراوی ئێرانی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا

موژگان ئیلانلوو دەرهێنەری زیندانیکراوی ئێرانی کە بە بەرهەمەکانی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت، لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤیەننا بۆ مافی مرۆڤ خەڵاتی تایبەتی مافی مرۆڤی پێبەخشرا، ئەو دەرهێنەرە خەڵاتەکەی بەخشییە ئەو کەسانەی لە ئێران لە بەرخۆداندان.

ناوەندی هەواڵ

 

موژگان ئیلانلوو، دەرهێنەری ئێرانی، بە هۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستپێکرد، دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەک، موژگان بە ناسنامەی دەرهێنەری فیلمی دۆکیۆمێنتاری و فۆتۆگرافەر ناسراوە، یەکێکە لەو ناوانەی کە لە کارەکانیدا گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا خەڵاتی تایبەتی مافی مرۆڤی لە فێستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤی ڤیەننا پێبەخشرا.

 

خەڵاتەکەی بەخشییە ئەو کەسانەی لە ئێران بەرخۆدان دەکەن

موژگان ئیلانلوو، لە پەیامەکەیدا کە بۆ مەراسیمی خەڵاتکردنەکەی ناردووە، دەڵێت: ئەم خەڵاتە تەرخان دەکەم بۆ هەزاران ژن کە ناویان نەهێنراوە لە وڵاتەکەمدا. ئەوانەی ئەمڕۆ خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن، هەروەها ئەم خەڵاتە تەرخان دەکەم بۆ هەزاران پیاوی ئازا و ئازادیخواز کە لەگەڵ ژناندا چوونە شەقامەکان تا نیشانی جیهانی بدەن کە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان پرسێکی جێندەری نییە، بەڵکو بنەمایەکی بنەڕەتی مافی مرۆڤە. ئەم قارەمانانە بە دوای ناوێکدا ناگەڕێن، وەکو منداڵانی وڵاتەکەیان بە دوای پاراستن و قارەمانی گەلەکەیاندا دەگەڕێن، لەبەردەم گەورەیی ئەو کەسانەی مێژوویان نووسیوەتەوە، هەست دەکەم دڵۆپێک لە دەریام، تکایە، یەک بە یەک ناوی ئەم قارەمانانە لە مێژووی شکۆمەندی بەرخۆدانی ئێراندا بەبیربهێننەوە و لە بیریان مەکەن.