لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانەوە: خەباتی هاوبەش گەیشتنە بە ئازادی

ژنانی بەشداربوو لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان جەختیان لە گرنگی خەباتی هاوبەش کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو ژیان و ئازادییەی ژنان تێکۆشانی بۆ دەکەن لە ڕێگەی شۆڕشەکانەوە بەدیدێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٥-٦ی تشرینی دووەم، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لەلایەن تۆڕی ئایندەی ژنانەوە بە دروشمی "شۆڕشی ئێمە، ئازادکردنی ژیانە" لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە بەشداری ٨٠٠ ژن لە ٤١ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، ژنان باسیان لە دۆخی ئێستای تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا کرد و تیشکیان خستەسەر تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و خەباتی هاوبەش لەو پێناوەدا.

 

کژار: خەباتی ژنان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری دووهەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنانیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، "لەم قۆناغەدا خەباتێکی ناوازە بەڕێوەدەچێت، بێگومان سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی تێکۆشان لە ئێراندا بڵاوبووەوە. خەڵک لە ڕێژیم یاخی بوون و دەیانگوت چیتر چەوساندنەوەی دەوڵەت قبوڵ ناکەین. سەرەڕای ٤٣ ساڵ دیکتاتۆری، ژنان دەستبەرداری مافەکانیان نەبوون و لەم شۆڕشەدا ڕژانە سەر شەقامەکان، هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نوێنەرایەتی شۆڕشێکی جیهانی دەکات و هەموو کەسێک خۆی تێدا دەبینێتەوە، پیاوان لە شەقامەکاندا ئەم دروشمە دەڵێنەوە، چونکە دەزانن کە ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادبوونی ژناندا بەرهەمدێت، ئەم دروشمە میراتی ٤٠ ساڵ بەرخۆدانی و بەرهەمی خەباتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە بۆ ئازادی."

 

لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە بۆ بەهێزکردنی خەبات و ڕاگرتنی هێرشە فرەلایەنەکانی سیستەمی پیاوسالاری دژی ژنان دەکرێت، نووسەر و چالاکوان ڕاهیل گوپتا لە ئینگلتەراوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژیان و ئازادییەی کە ئەوان دەیانەوێت بە ئاسانی بەدینایەت، بەڵکو بە شۆڕش دەستەبەر دەبێت و وتی:شۆڕشی ڕۆژاڤا ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو جیهان، ئەم شۆڕشە بە خەباتی ژنانی کورد و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان هاتەدی.

 

"پێگەی ئایدیۆلۆژی ژنان زۆر گرنگە"

لە بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا کە لەژێر ناونیشانی "زاڵبوون بەسەر ئەو دابەشبوونەی کە بەهۆی بیرکردنەوەی باوکسالارییەوە دروستبووە: چینایەتی، ناسیۆنالیزم و ئایینی" دەستیپێکرد، دلار دێریک، کۆمەڵناس و نووسەر باسی لە توانای ژنان کرد بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە عەقڵیەت و سیستەمی پیاوسالاری، وتی: بزووتنەوە فاشیستییەکان لەم دواییانەدا لەلایەن دەوڵەتەوە بەهێزکران بۆ فشارخستنە سەر ژنان و گەلانی ئازادیخواز، پێویستە لەو کەشوهەوایە تێبگەین کە تایبەتمەندی فاشیزمە، گەشەسەندنی بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە دژی فاشیزم هەیە، ئێمەش ئەمڕۆ شاهیدی ئەو قۆناغەین، ڕێکخراوەکانی وەک سی ئای ئەی و ناتۆش خۆیان وەک پاڵپشتی ژنان ڕادەگەیەنن، بۆ نموونە لە سینەمای هۆلیووددا جێگایەک بۆ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ژنانی کورد دەکەنەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن و هەڵوێستی ئایدیۆلۆژی ئێمەش لە بەرامبەر ئەوەدا زۆر گرنگە.

 

"ژن ناتوانن بچنە ناو شوێنە گشتیەکان لە یەمەن"

دکتۆر ئەنجێلا ئەلمیعمری، وتەبێژی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە پشتیوانی ژنان و منداڵان تیشکی خستەسەر سەختی و ستەمی سەر ژنان لە یەمەن و وتی: سەرەڕای زۆری ژمارەی بزووتنەوەکانی ژنان لە یەمەن، هێشتا ئاشتی بەدینەهاتووە، بە هەزاران ژن بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی یەمەن پەنابەرن، ژنانیش لە چوونە ناو کایەی کۆمەڵایەتیدا بەدەست کێشەی جددییەوە دەناڵێنن، ژنان لە یەمەن ئیرادەیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکانی بڕیارداندا، بەڵام ئاستەنگی زۆر لە ڕێگەیاندا هەیە، چونکە یەمەن لە ڕووی مافەکانی ژنان لە خراپترین وڵاتەکانە.

 

"نەوەکانی دایکانی پلازا دی مایۆ"

مارتا دیلۆن، نووسەری ڕۆژنامەنووسی فێمینیست لە بزووتنەوەی نیۆنیا مینۆس، ڕایگەیاند، بە ناوی ئەو ژنانەی کە دژی کۆلۆنیالیستەکان شەڕیان کردووە بۆ مافی ئاو و زەوی لە ئەرجەنتین بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە و وتی: ئێمە هەڤاڵی ئەو گەریلایانەین کە لەسەر لوتکەی چیاکانی کوردستاندان، ئەوەی لە خاکەکانی ئێمەدا دەگوزەرێت، ڕووی دیار و بەرچاوی فاشیزمە، سیستەمی سەرمایەداری بە پێکدادان لەنێوان گەلانی ڕەسەن لە دژی یەکتر، سەرچاوەکانمان دەدزن، زۆرێک لە هەڤاڵەکانمان لە زینداندان بۆیە خەباتمان بۆ ئەوان زیاد دەکەین تا ڕزگاری."

 

نەریتی خەباتی ئایدۆلۆژی

ئەلیف کایا لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژیی بەبیرهێنایەوە کە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا و وتی: هەڵسەنگاندن ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو ڕۆڵەی ژنۆلۆژی دەیگێڕێت لە گۆڕینی ئەو بەها و ئەزموون و مەعریفانەی کە لەگەڵ شۆڕشی ژناندا سەریان هەڵدا و چوونە ناو کولتوری کۆمەڵایەتی لە چ ئاستێکدایە، وەک چۆن سیستەمێکی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا و نەریتی مێژووی و خەباتی ئایدۆلۆژی هەیە، دەزانین شۆڕشێکی لەو شێوەیە بەبێ بناغە و بیرکردنەوە و تێکۆشان ناتوانێت ئەنجامدار بێت.

 

جولس فالکوێت، چالاکوانی فێمینیست و پرۆفیسۆر لە فەرەنساوە، لە میانی کۆنفرانسەکەدا باسی لەو سەختییانە کرد کە ڕووبەڕووی ژنانی پەنابەر دەبنەوە کە ناچاربوون لە خاکی خۆیانەوە کۆچ بکەن.

 

"خەباتی بەکۆمەڵ بەرەو ئازادیمان دەبات"

دەنیز ئەبوکان، بەناوی بزووتنەوەی ژنانی ئازادەوە وتی: ڕزگاری ژن لە خەباتێکی یەکگرتوودایە، دەوڵەت نەتەوەکان هەوڵیاندا لە ڕێگەی ژنانەوە بەڕووی قەیرانەکاندا بوەستنەوە، ئێمە وەک ژنانی کورد فەلسەفەی ژیانمان لە دیموکراتی و ژینگەپارێزی ژنانەوە وەردەگرین، ژنان بوونەتە هێزی چارەسەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە جیهاندا، کە بزووتنەوەیەکی ئازادی ژنانی دروستکردووە، سەرۆکایەتی هاوبەش دەستکەوتێکە بۆ ژنان.

 

"من نوێنەرایەتی گەلانی ستەملێکراو دەکەم"

جەید دانیێڵز، چالاکوان و نووسەر و هونەرمەند لە بزووتنەوەی ژنانی ڕەشپێست، لە قسەکانیدا سەبارەت بە دژایەتییە ڕەگەزی، کولتووری، ئایینی و چینایەتییەکان، ڕوونی کردەوە کە گەلان لە ئەفغانستانەوە تاکو کوردستان ئازاد دەبن، ڕایگەیاند کە ئەو تاکە کەسە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە کۆنفرانسەکەدا، بەڵام بەناوی ژنانی ستەملێکراو و ڕەشپێستەوە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووە.

 

'دەبێت بەرەنگاری هێرشەکان ببینەوە'

ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڵسەنگاندنی بۆ کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند، هەنگاوێکی مێژووییە و سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕاکێشا و وتی: سڵاو لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە سایەی ئەودا خەبات بۆ ئازادی ژن لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، خەباتی ژنان بۆ ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، ئەو ژنانەی کە لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و فاشیستی خەبات دەکەن ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، هەروەها چەکی کیمیایی دژی شۆڕشگێڕانی کورد بەکاردەهێنرێت کە بەها مرۆییەکان لە کوردستان دەپارێزن، بۆ ڕاگرتنی شەڕ، دەبێت شەڕ ڕابگیرێت، بۆ ئەوەی پێکەوە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا بجەنگن. شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە پێناو هەموواندا شەڕیان کردووە، سەدان تێکۆشەر کوژران و گیران و ئەشکەنجە دران، بەڵام دەبێت بوترێت شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی هەموو ژنانە، ئەوەی گرنگە دەبێت بەرەنگاری هێرشەکان ببینەوە.

 

هێزا شەنگالی، سەرۆکی یەکینەکانی ژنانی ئێزیدی، کە نەیتوانی بەشداری کۆنفرانسەکە بکات، پەیامێکی ڤیدیۆیی لە شنگالەوە نارد و تێیدا وتی، ژانێکی زۆر لە مێژووی ژنانی ئێزیدیدا هەیە، بەڵام خەباتی گەورەیان بەڕێوەبرد، پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، لە کاتی هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا وتی ئێمە دەیانپارێزین، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئێزیدییەکانیان بەجێهێشت بۆ داعش، تەنها شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد-ستار، و هێزەکانی پاراستنی گەل پارێزگارییان لە ئێزیدییەکان کرد.

 

ڤیلما ڕۆسیۆ ئەلمێندرە کیگواناس، ئەندامی پوبلۆس ئێن کامینۆ- Pûeblos en Camîno، خەڵکی کۆڵۆمبیا، بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد و باسی لە گرنگی پاراستنی جەوهەری بۆ ژنان کرد.