سروە محەمەد: پێویستە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بخرێتەوە سەر شاڕێی دروستی خۆی

لە عێراق ئاڵۆزییەکان لە هەڵکشاندایە و دۆخی بەغدا ناهەموارە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەوەی پێویستە لایەنی کوردی بیکات یەکخستنی گوتاری سیاسی و وەلانانی کێشە و گرفتە بچوکەکانی نێو ماڵی کورد خۆیەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی دوێنێ، ٢٩ی ئاب، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند و دوای بڵاوبوونەوەی شەقامی بەغدا خۆپیشاندان و توڕەیی لایەنگرانی بەخۆوە بینی، لە ماوەیەکی کورتدا کۆشکی کۆماری و ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەستیبەسەردا گیرا، قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیەندرا و خۆپیشاندانەکان تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

 

هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەران تەقەیان بەڕووی یەکدا دەکرد و تا بەیانی ئەمڕۆ ژمارەی کوژراوەکان گەشتە ٣٠ کەس و سەدان کەسیش بریندار بوون، لە ناوچەی سەوزیشدا هێزی سەرای سەلام کە هێزی موقتەدا سەدرە، بوونی هەیە و کۆنترۆڵی کردووە و بە چەکی قورس ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە، ناهەمواری و ئاڵۆزی ناوچەی سەوز و بەغدای گرتووەتەوە.

 

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەنەکە ڕایگەیان، تێکچوونی دۆخی سیاسی عێراق و ئاڕاستەکردنی شەقام لەلایەن بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانەوە، هۆکارێکی گەورەبوون تا دۆخەکەیان گەیاند بەم ئاستە، ئەوەی پێویستە لایەنی کوردی لەم کاتەدا بیگرێتەبەر یەکخستنی گوتاری سیاسی و وەلانانی کێشە و گرفتە بچوکەکانی نێو ماڵی کورد خۆیەتی.

 

سروە محەمەد دەربارەی پێویستی یەکخستنەوەی ماڵی کورد و وەلانانی کێشەکان لەم کاتەی ئاڵۆزییەی عێراقدا ئەوەشی خستەڕوو، "پاشکەشەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا زیانی گەورە بەو دەستکەوتە یاسایی و دەستوریانە دەگەیەنێت کەساڵانێکی زۆرە کورد وەک هێزی سیاسی کاریگەر بەیەکگرتوویی و کۆدەنگی خەباتی بۆکردوون، هەربۆیە پێویستە جارێکیتر کێشە و گرفتە لاوەکیەکان وەلابنرێن و فۆکەس بخرێتە سەر کۆدەنگی سیاسی و هەموو لایەنەکان پێکەوە بەرژەوەندییە گشتییەکان و خواستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن بە ئەجێندای داهاتووی کارکردنیان، هەرچی هەوڵ هەیە بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان کۆتاییان پێبێت و ئاشتی باڵ بکێشێتەوە بەسەر وڵاتدا و پرۆسەی سیاسی بخرێتەوە سەر شاڕێی دروستی خۆی.