ژنانی باکووری کوردستان دژی هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان ڕێپێوانیان کرد

ژنانی باکووری کوردستان لە ناوچەی سلۆپی دژی کوشتنی ژنان و داگیرکارییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان ڕێپێوانیان کرد و وتیان: ژنان بە تێکۆشانیان سیستم تێکدەشکێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە لە ناوچەی سلۆپی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان ڕێپێوانێکیان دژی کوشتنی ژنان و هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان بە بەشداری ئەندامانی تەژەئە لە ئامەد، ماردین و ئیلح، پەرلەمانتارانی هەدەپەی شرناخ و سلۆپی، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی سلۆپی، جەزیرە و ماردین و ستێور و دێریک و چەندانی کەسی دیکە ڕێکخست.

 

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی دروشمی "کۆمەڵگاکەمان لە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت و داگیرکاری دەپارێزین"، وێنەی منداڵانی کوژراو لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان، وێنەی هەڤرین خەلەف کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تیرۆرکرا، وێنەی ژنانی کوژراو لەلایەن پیاوانەوە بەرز کرانەوە، هەروەها دروشمەکانی "ژنان بە تێکۆشانیان سیستم تێکدەشکێنن" و "ژن ژیان ئازادی" وترانەوە، لە یەکێک لە کۆڵانەکاندا پۆلیسی تورک ڕێگەی لە ڕێپێوانەکە گرت و ڕێگەی نەدا بەردەوامی پێبدەن.

 

دوای ڕێگرییەکە ژنان دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد و بە ماوەیەکی کورت ڕێپێوانەکە دەستیپێکردەوە و ژنان چالاکییەکەیان بەڕێوەبرد.