دەوڵەتی تورکیا مەقبولەی ٨٠ ساڵی لە زیندان هێشتەوە

مەقبولە ئۆزەری ٨٠ ساڵ، سەرەڕای نەخۆشی و ڕاپۆرتێکی پزیشکی کە دەڵێت بە ڕێژەی ٪٥٧ خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام بە زۆری دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا لە زیندان ئازاد نەکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

٩ی ئایار، لە ناوچەی ئارتەمێنتی شاری وانی باکوری کوردستان، مەقبولە ئۆزەری ٨٠ ساڵ کە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ٪٥٧ خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە منداڵییەوە وەهایە، لەگەڵ هاوژینە ٧٨ ساڵەکەیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە بیانووی "هاوکاری ڕێکخراوی تیرۆریستی" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانی دران.

 

مەقبولە ئۆزەر بەهۆی زۆریی تەمەن و نەخۆشییەکانی و ٪٥٧ی ڕێژەی خاوەن پێداویستی تایبەتییەکەیەوە پارێزەرەکانی داوایانکردووە لە زیندان ئازاد بکرێت، چونکە توانای مانەوە و پێڕاگەیشتن بە خۆی لە زینداندا نییە، بەڵام لیژنەى نەخۆشخانەى فێرکاریی وان لە ژێر ڕێنمایی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتى تورکیادا، ڕاپۆرتێکیان لەسەر دۆخی تەندروستی مەقبولە ئامادەکرد و نووسییان "دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە" و بەو هۆیەوە لە زیندان ئازاد نەکرا.