کەیسی خنکانی فرمێسک فەرهاد بە گوماناوی ماوەتەوە

فرمێسک فەرهاد ئەو پزیشکە ٢٥ ساڵەی خنکانی لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێردا گومانی بۆ خانەوادەکەی دروستکرد.

ئاسودە محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ- فرمێسک فەرهادی ٢٥ ساڵ، پزیشکی بواری ددان و جوانکاری ددان، ٧ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ خوشکە بچوکە هەشت ساڵانەکەیدا بۆ وەرزشی مەلەوانی، ڕوو دەکەنە یەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری هەولێر و بەهۆی ڕووداوێکی گوماناوییە فرمێسک فەرهاد دەخنکێت.

 

دوای لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری خنکانی ئەو پزیشکە، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی، لەناو مەلەوانگەکەدا قاچی خلیسکاوە و کەوتووەتە ناو ئاوەکە و سییەکانی پڕ بووە لە ئاو، بەوهۆیەوە ژیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی جێی گومانە، دوای دوو کاتژمێر لە گیان لەدەستدانی پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کراوە، هەر ئەمەش بووەتە جێی گومان بۆ خێزانەکەی.

 

فەرهاد حەسەن، باوکی پزیشک فرمێسک، ئاماژەی بەوەداوە کە کچەکەیان مەلەوانێکی بە توانا بووە و لە کاتی خنکانیشیدا هیچ تیمێکی فریاگوزاری لێنەبووە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە کێشەیان لەگەڵ هیچ لایەن و کەسێکدا نەبووە.

 

دادگا دوایی شەش مانگ لە لێکۆڵینەوەکانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەسێک دەرکرد کە ویستوویەتی کەیسەکە بە لاڕێدا ببات، ئەویش بە کەفالەتی قورس ئازاد کراوە.

 

فرمێسک پڕۆژەی تەندروستی هەبووە

فرمێسک فەرهاد، پزیشکی بواری ددان و جوانکاری ددان، خاوەن پڕۆژەیەکی هونەری و تەندروستی بوو بە ناوی "هونەر و تەندروستی لەپێناو مرۆڤایەتی"، ناوەڕۆکی پڕۆژەکە باس لەوە دەکات گەر ڕووخسارت کێشەی زگماکی نییە، سروشتی خودی خۆت بپارێزە، جوانکاریی تەنها وەک پێویستی و چارەسەر بەکاربهێنە.

 

کەیسی گیان لەدەستدانی فرمێسک فەرهاد هێشتا بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە تەنها ڕووداوێک بووە یاخود بەمەبەست خنکێنراوە، باوکی فرمێسک و پارێزەری کەیسەکە سورن لەسەر بەدواداچوون بۆ یەکلاکردنەوەی چۆنیەتی گیان لەدەستدانی دکتۆر فرمێسک.

 

لەماوەی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی جیاوازی کوشتنی ژنان بە گوماناوی تۆمارکراوە و نازانرێت ئایا کوژراون، خنکێنراون یان سوتێنراون، یاخود خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، گومان دەکرێت گیان لەدەستدانی دکتۆر فرمێسک فەرهادیش یەکێک بێت لە حاڵەتەکانی کوشتنی بە ئەنقەستی ژنان.