شەنگال، سەرەڕای ئاستەنگی هاوڵاتیان گەشتنە ئاسایشی ئێزیدخان

سەرەرای ڕێگرییەکانی سوپای عێراق، هاوڵاتیانی شەنگال ئێوارەی دوێنێ خۆیان گەیاندە ئاسایشی ئێزیدخان و وتیان حکومەتەکەی کازمی دەیانەوێت دەستبەرداری دەستکەوتەکانمان بین، بەڵام ئیرادەمان بەهێزە و سەرکەوتوو نابن.

ناوەندی هەواڵ

 

١٨ی مانگی نیسان هاوکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و پەدەکە بۆسەر باشوری کوردستان، سوپای عێراق هێرشی کردەسەر بنکەی ئاسایشی ئێزیدخان و هێزێکی زۆریشی ڕەوانەی گەلی شیلۆ و سکنێ کردووە، کە دەکەونە سنووری هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و هێرشیان کردەسەر خاڵە سەربازییەکانی ئەو دوو هێزە.

 

دانیشتوانی شەنگال سەڕەڕای ڕێگری و ئاستەنگییەکانی سوپای عێراق، ئێوارەی دوێنێ توانییان بگەنە ناوەندی ئاسایشی ئیزیدخان لە سنونێ و پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایشی ئێزیدخان نیشاندا، کنێ خدر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی ئێزدی هەتا کۆتایی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

 

"دەستکەوتەکانمان ڕادەست ناکەین"

کنێ خدر وتی: "حکومەتی کازمی دەیەوێت بە ئاسانی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی شەهیدانمان بەدەستمان هێناوە، ڕادەستی بکەین و کۆیلایەتی قبوڵ بکەین، بەڵام وەک دایکان و خەڵکی شەنگال بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان و تا کۆتایی مافەکانمان دەپارێزین، بۆ ئاواکردنی شەنگالێکی خۆسەر چی لەدەستمان بێت دەیکەین".

 

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا، هەر کەس و لایەنێک بیەوێت کۆمەڵگاکەمان پەرتەوازە بکات و باوەڕ و کەلتوورەکەمان لەناو ببات، ئێمە هەتا کۆتایی درێژە بە خەبات دەدەین، وەک ژنان و خەڵکی شەنگال ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین هێرش بکاتە سەر منداڵەکانمان و دژی خیانەتە پیس و گەمەکانیان دەجەنگین.