گیان لەدەستدان لە غەززە گەیشتە ٤٣ هەزارو ٢٥٩ کەس
وەزارەتی تەندروستی غەززە، نوێترین ئاماری بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٤٣ هەزار و ٢٥٩ هاوڵاتی غەززە كوژراون و ١٠١ هەزار و ٨٢٧ كەسیش برینداربوون.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/11/20241101-mrdn-jpg3713fa-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەززە دەستپێكرد، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەزەدا هاتووە: بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤٣ هەزار و ٢٥٩ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ١٠١ هەزار و ٨٢٧ كەس.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ٣٩٢ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٢ هەزار و ٥٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، هەروەها ٢٥ هەزار بریندار پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، هەروەها ٣٠٠ كارمەندی تەندرووستی غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیركراون و لە زیندانەكانی ئەو وڵاتەن.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی ٥هەزاری دیكەش بریندار بوون.