غەزە، دوای کوشتنی رۆژنامەنووس شیرین ئەبو عاقلە چالاکیی ئێشکگری دەستیپێکرد

لە غەزە چالاکی ئێشکگری دەستیپێکرد و ڕۆژنامەنووسانی ژنی بەشداربوو ئاماژەیان بەوەدا کە کە گولـلەی سوپای ئیسرائیل ڕاستی ناکوژێت و میدیا ڕاستییەکان ڕوون دەکاتەوە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەزە- ڕۆژی ١١ی ئایار، یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان، بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبو عاقلە، چالاکی ئێشکگری ڕاگەیاند.

 

تەیف ئەلبحیسی، ئەندامی لیژنەی ژنان لە یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین ئاماژەی بە چالاکییەکەیان دا کە بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی پەیامنێری ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلەیە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، وتیشی دەبێت دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی هەڵوێست بنوێنن، "ڕۆژنامەنووس شیرین یەکەم ڕۆژنامەنووس نییە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەو ناوچانەدا کوژرابێت، هەمیشە هێرش دەکەنە سەر ڕۆژنامەنووسان تا دەنگی خەڵکی ئەم هەرێمە بێدەنگ بکەن".

 

فاتمە ئاشور، چالاکوانی مافی مرۆڤ وتی: بە هەواڵی کوشتنی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبو عاقلە و زیادبوونی کردەوە سیستماتیکەکانی سوپای ئیسرائیل لە دژی ڕۆژنامەنووسان خەمبار بووم، دەوڵەت دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی بکات، داگیرکاریی ئیسرائیل یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافی مرۆڤ پێشێلدەکات و بەردەوام دەبێت لە کارە دڕندانەکانی، چونکە هیچ چاودێرییەک نییە، دەبێت لەسەر ترساندن و بە ئامانج گرتنی هەموو فەلەستینیەکان لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکاری ئیسرائیل بکرێت.

 

ڕۆژنامەنووس مەیسون کەحیل ئاماژەی بەوەدا ئەو وێنانەی کە لە کاتی کوشتنی شیرین ئەبو عاقڵەدا بڵاوکراونەتەوە ئەوە نیشان دەدەن کە ناوچەکە ئارامە و هیچ پێکدادانێک نەبووە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە داگیرکاریی ئیسرائیل بە ئەنقەست شیرین ئەبو عاقلەی کردووە ئامانج و کوشتوویەتی.

 

سوزان ئەلخەلیلی، بە بەشداریکردنی لە چالاکییەکەدا جەخت لەوەدەکاتەوە کە گولـلە ناتوانێت وشە بکوژێت، میدیاکانیش هەمیشە ڕاستی ڕووداوەکان بڵاودەکەنەوە، "داگیرکاری ئیسرائیل ناتوانێت ترس بخاتە دڵی ڕۆژنامەنووسێکەوە کە دەیەوێت ڕاستی ئیسرائیل بە جیهان بگەیەنێت".

 

جێی ئاماژەیە کە یەکێتی ئەوروپا داوای کردووە بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کوشتنی شیرین ئەبو عاقلە ئەنجام بدرێت و بەرپرسانی ئەو کوشتنە دادگایی بکرێن، هەروەها، ئۆدری ئەزولەی، بەڕێوبەری گشتی یوونسکۆ، داوای لێکۆڵینەوەیەکی تەواوی کرد لە کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە فەلەستینییە.