گوڵستان محەمەد: ژنان زیانبەرکەوتووی سەردەمی دیجیتاڵین و خۆپاراستن پێویستە
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دیجیتاڵیدا ژنان هەروەک چۆن لە کۆمەڵگەدا بەئامانج دەگیرێن، دووبارە لەم سەردەمەشدا دەکرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی پیشێلکاری دەبنەوە، گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە دەڵێت: پیویستە ژنان هۆشیار بن و خۆیان بپارێزن.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ئەو ئەقڵیەتەی هەمیشە بەئامانجگرتنی ژن لە مێشکیدا هەیە، لەگەڵ گۆرانی سەردەمەکاندا پەرە بەم عەقڵیەتەی خۆی دەدات و لە زیانگەیاندن بە ژنان بەردەوامە، لە جیهانی ئەمڕۆدا کە لەڕووی دیجیتاڵییەوە پیشکەوتن هەیە، بەڵام ئەقڵیەتی دژی ژن پەرەی بە دواکەتوویی مێشکی خۆی داوەو ژنان لەڕێگەی دیجیتاڵییەوە دەکاتە ئامانج، پێشێلکاری دیجیتاڵی وەک سێبەری مرۆڤە لە جیهانی ئۆنلاین؛ هەمیشە لەگەڵمانە، بۆیە ئاگاداری و بەڕێوەبردنی باشی پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، ئەگەرنا زۆرترین پێشێلکاری ڕوودەدات و پێویستی بە هۆشیاری و خۆپاراستن هەیە.
"بەهۆی نەبوونی یاسا کۆمەڵگە دەبێتە قوربانی"
گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لەهەڵەبجە سەبارەت بە خۆپاراستن لەبەرامبەر پێشێلکارییە دیجیتاڵییەکان قسەی بۆ ئاژانسسەکەمان کردو وتی: پێشیلکاری دیجیتالی، ئەو پیشیلکاریەیە دەکرێتە سەر کەسەکان ، جا کەسایەتی سیاسی بی یان کۆمەڵایەتی ، یان ئاسایی، لە ئێستادا جیهان هەنگاو بەرەو دیجیتال بوون دەنێت، هەموو پێداویستیەکانی ژیان بووەتە دیجیتالی، ئیستا ئەگەر سەیر بکەین، موچەمان بووەتە دیجیتالی، ئیش کردن بەهەمان شیوە تەنانەت گەشتکردن و کار کردنیش بووە بە دیجیتالی و کار ئاسانی بۆ سەرجەم هاولاتیان، وایکردوە لە مۆدیلە کلاسیکەکە دەربچین، بەلام بەداخەوە لەبەر ئەوەی هۆشیار نەبووین و یاسایەکمان نەبوو نەمانتوانی بەئاسانی لەو هەنگاوە بەکاربهینین بەهۆی نەبوونی یاساوە کۆمەڵگە بە گشتی دەبێتە قوربانی.
"ژنان زیانبەرکەوتووی سەردەمی دیجیتاڵین"
گوڵستان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا ژنان لەبەرامبەر هەر توندوتیژیەک پشکی شێریان بەردەکەوێت، بەهەمانشیوە بۆ سەردەمی دیجیتالیش وتی: ژنان قوربانین لەبەر ئەوەی هەراسان دەکرێن و بەکاریان دەهێنن وەک ئەوەی کۆمەڵێک گروپ و پەیج دروست بووە بەناوی هەلی کار، کەسەردانی شوێنەکان دەکەین دەبینین شوێنەکان نین و ساختەن، هەروەها منداڵان قوربانیەکی ترن و زۆر بەکار دەهێندرێن، کەسایەتییە سیاسەیەکانیش بە هاک کردنی هەژماری بانکی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ژنانێک کە هەول دەدەن پلەی سیاسیان هەبێت، دەبنە قوربانی تۆڕە کۆمەڵایەتی و دیجیتاڵییەکان،
"یاسامان نییە ژنان و منداڵان بپارێزێت"
ئەوەشیخستەروو، بۆیە پێویستە حکومەت یاساو هۆشیاری هەبێت، وتی: ئیمە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنمان هەیە، ساڵی ٢٠٠٨ ئەوکاتە تەنها موبایلێکی ئاسایی بوو یاسای بۆ دەرکرا بەڵام ئێستا ئەو هەموو بەربڵاوییە هەیە تاوەکو ئێستا یاسایەک نییەم ئیستا ئێمە ئەگەر ژنێکی ڕۆژنامەنووس توندوتیژی دیجیتاڵی بەرامبەر بکرێت یان مندالان و ژنان یاسامان نییە بپانپارێزێت، پێویستە یاسای توندوتیژی وپێشیلکارییەکان هەمووار بکرێنەوە، پێویستە لە پەرلەمان یاساو تائبەتمەندی دەربکرێت یان گۆڕانکاری لەیاسای سالی ٢٠٠٨ بکرێت تاوەکو بتواندرێت هاوڵاتیان لەکاتی کێشەکان هانای بۆ بەرن، هەروەها دەبێت هاوڵاتیان هۆشیار بن لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیا دروست بوون داوای ئەکاونت دەکات بۆ ئەوەی بتپارێزێت لەهاک، دەپرسین تا چەند پارێزراوەو ئەمەش کۆمەڵێک فەوزایە کە چارەسەری نییە، ئەی ئای شتیکی ترەو بەناوی تۆوە هەموو جۆرە قسەیەک دەکرێت، هەموومان پێویستمان بە خۆپاراستنە، پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ فلتەرەو هەموو کەس دەتوانێت بەکاری بهێنێت.
"چارەسەر پیویستە"
گوڵستان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەوام دەبێت لەسەر هێڵ بن و تاوەکو ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبێتەوە، لە هەڵەبجە تاوەکو ئێستا لە ئاسایش ژوریک هەیە کە کیشەکان چارەسەر دەکات و هەوڵ دەدات هاوڵاتیان بە کەمترین شیوە تووشی کێشە دیجیتاڵییەکان ببنەوە.