گوڵروخ ئیرایی خەڵاتی ئازادیی نووسینی وەرگرت
ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا خەڵاتی ئازادیی نووسینی ساڵی ٢٠٢٦ی بە گۆڵڕۆخ ئیرایی زیندانی سیاسی بەخشی و وەک هێمای ژنی بوێر لە سیستمێکی سەرکوتکەردا ڕێزی لێگیرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی "پێنی ئەمریکا" سەبارەت بە ڕێوڕەسمی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ئازادیی نووسین بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە نیویۆرک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە چالاکی ئەدەبی ساڵانەدا خەڵاتی ئازادیی نووسینی ساڵی ٢٠٢٦ پێشکەش بە گۆڵڕۆخ ئیرایی، نووسەر و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی گرتووخانەی ئەوین کرا، فەریبا ڕاد چالاکوانی مافی مرۆڤ لە غیابی گۆڵڕۆخدا بەشداری لە مەراسیمەکەدا کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی ئامادە نەبوونی گۆڵڕۆخ ئیرایی لە ڕێوڕەسمەکەدا، فەریبا ڕاد چالاکوانی مافی مرۆڤ وەک نوێنەری ئەو خەڵاتەکەی وەرگرت، هەروەها لە ڕێوڕەسمەکەدا نامەکەی گۆڵڕۆخ ئیرایی لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە خوێندراوە و وەک هێمای ژنی بوێر لە سیستەمێکی سەرکوتکەردا ڕێزی لێگیرا.
هاوكات گۆڵڕۆخ ئیرایی لە نووسینی نامەکەیدا وتی: دەنووسین، تەنانەت ئەگەر ئازادیشمان بەند بکرێت و دەسەڵاتی کۆنەپەرست بەرگەی ئازادیی بیرکردنەوە ناگرێت، چونکە قەڵەم هێرش دەکاتە سەر پەتی سێدارە و باسی سفری بەتاڵ و ڕاپەڕینی برسییەکان دەکات، پێنووس دەبێتە هاواری هاوبەشی هەموو ڕەنجەکان لە جیهاندا، لە هاواری دایکانی داواکاری دادپەروەری تا ژنانی لێقەوماو.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم خەباتە دژی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی، بە درێژایی مێژوو لەسەر لووتکەی چیاکان، لە ناو دڵی دارستانەکان و شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە خوێن و گیان نووسراوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٢١ ئەنجومەنی "پێنی ئەمریکا" دامەزراوە، کە یەکێکە لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی جیهان و بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی نووسەران دەکات، لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ وڵات چالاکە، ساڵانە چەندین خەڵات پێشکەش دەکات، لەوانە خەڵاتی ئازادی نووسینی بۆ ئەو نووسەرانەی کە بەهۆی کارەکانیانەوە یان چالاکییەکانیانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، یان زیندانیکراون، خەڵاتەکە هێمای بەرەنگاربوونەوەی ئەدەبییە لە بەرامبەر سانسۆر و ستەمکاریدا.