“گەورەترین تیرۆر خودی دەوڵەتی تورکیایە”

فاتمە حسێن، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵە و دانیشتووی شاری زرگان دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی هێرشەکانەوە مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و بە کردەوەکانی خۆی گەورەترین تیرۆریستە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە-دەوڵەتی تورکیا دوای داگیرکردنی عەفرین، ڕووی لە سەرێکانی و گرێ سپی کرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هەردوو شارەکەی داگیرکرد، لەگەڵ داگیرکردنی سەرێکانی، چەتەکان لە سنوورەکانی شاری زرگانێش نزیک بوونەتەوە و زۆرێک لە گوندەکانیان داگیر کردووە، بۆیە فاتمە حسێنی تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی گوندی دادە ئەبداڵ بەهۆی تۆپبارانی ماڵەکەی لەلایەن داگیرکەرانی تورکیاوە ئاوارە دەبێت بۆ زرگان.

 

فاتمە حسێن هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە داگیرکاری و داواکارییەکانی خەڵکی دانیشتووی ئەم خاکە بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

"لەسەر ژن و منداڵ هەموو جۆرە چەکێک تاقی دەکرێتەوە"

فاتمە حسێن ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان و سوپاکەی هەموو جۆرە چەکێکیان لە دژی ئەوان و منداڵەکانیان تاقیکردۆتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تۆپخانەکانی ئەردۆغان بەر ماڵەکەم کەوت، ماڵەکەی منی وێران کرد، من لە دادە ئەبداڵەوە گواستمەوە بۆ زرگان، تۆپخانەکان لێرەش ناوەستن، سەرکەوتن هی ئێمەیە، کەواتە ئەردۆغان هەرچییەک بکات، دەستبەرداری خاک و وڵاتەکەمان نابین، هەمووان دەپرسن ئەردۆغان چ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە هەیە و لێرە چی دەکات، بەدوای چیدا دەگەڕێت و چی لە ئێمە دەوێت؟.

 

"تیرۆری گەورە خۆیەتی"

فاتمە حسێن باسی لەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا بە تیرۆریست پێناسەیان دەکات و سەبارەت بەم بابەتەش وتی: کورد بە تیرۆریست پێناسە دەکات و لەبیری کردووە گەورەترین تیرۆریست خۆیەتی، ئەگەر تیرۆریست هەبێت ئەوە ئەردۆغانە، کەسی دیکە نییە، چونکە زیان بە منداڵان و ژنان و تەنانەت ژینگەش دەگەیەنێت، داواکاریی ئێمە لە سێدارەدانییەتی، چونکە تەنها دادگاییکردنی ئەردۆغان بەس نییە بۆ ئەو هەموو تاوانەی کە لە دژی ئێمە کردوویەتی، دەڵێن مافی مرۆڤ! ئەگەر مافی مرۆڤ هەبوایە، وایان بەسەر ئێمەدا نەدەهێنا.

 

سەرنجی بۆ ئەو تیرۆریستانە ڕاکێشا کە ئێستا لە سووریا و ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن و وتی: ئەو تیرۆریستانە لە کوێوە هاتوون، هەموویان بە تورکیادا تێپەڕیون، تیرۆریستە گەورەکە و خاوەنی تیرۆر ئەردۆغانە، کورد چی کردووە کە بە تیرۆر دادەنرێت و پێناسەی دەکرێت، ئێمە لەسەر خاکی خۆمان دەژین، ئەوانەی لە تورکیاوە پەڕینەوە بۆ ناوچەکانی ئێمەش تیرۆریستن، ئەردۆغانیش ئەوان و چەتەکانی دژی ئێمە دەنێرێت.

 

"ئێمە ناترسین"

وتیشی: ئێمە ناترسین و داگیرکەرانی تورکیا هەرچییەک بکەن، هەموو دەوڵەتەکان هاوپەیمانی ئەون، ئەگەر بەڕاستی دەوڵەت بوونایە، هەڵوێستی جددییان بەرامبەر ئەردۆغان دەگرتەبەر، ئەو شەڕڤانانەی ئەم خاکە دەپارێزن منداڵی ئێمەن نەک تیرۆریست.

 

"ئێمە و شەڕڤانانمان ناهێڵین ئەردۆغان ئیمپراتۆریەتی نوێی عوسمانی زیندوو بکاتەوە"

ئاماژەی بەوەکرد، با ئەردۆغان خەون نەبینێت، ڕێگە نادەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ زیندوو بکرێتەوە و وتی: ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ لێی دوورە، با خەونی زۆر نەبینێت، چونکە ئێمە کوردی ڕابردوو نین، سەردەکەوین و ناهێڵین ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بێتەوە، ئێمە بوونمان هەیەو منداڵی شەڕڤانیشمان هەیە، ماف و خاکمان هەیە، وڵاتەکەمان دەپارێزین کەواتە با ئەردۆغان چەتەکانی کۆبکاتەوە، کێشەی ئەردۆغان کورد نییە یان عەرەب، دەیەوێت سووریا بە گشتی داگیری بکاتم با ئەردۆغان شوێنێکی تر بۆ چەتەکانی بدۆزێتەوە، چونکە خاکی پیرۆزی ئێمە خاکێک نییە کە چەتەو تیرۆر تێیدا نیشتەجێ بن و داگیری بکەن.