"گەورەترین بارگرانی لە شەڕەکاندا لەسەر شانی ژنانە"

مەیسا حەسایری، پزیشکی دەروونی دووپاتی کردەوە کە گەورەترین بارگرانی لەسەر ژنانی ناوچە جەنگییەکانە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- لە ژینگەیەکدا کە شەڕ و ململانێ تەشەنە دەکات، گرنگی پاڵپشتی ژنان و هاوپشتی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، گەورەترین چەک دژی ئەو شەڕانەی کە بیری پیاو دروستی کردووە، خەباتی هاوبەشی ژنانە، چونکە لەو ناوچانەی کە ململانێکان لە زیادبووندایە، تاوانەکانی دژ بە ژنان و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی زیاتر دەبن.

 

مەیسا حەسایری، پزیشکی دەروونی ڕوونیکردەوە، ئەو ناوچانەی کە ململانێ و شەڕی خوێناوی تێدا ڕوودەدات، وەک فەڵەستین و لوبنان، "ناوچەی گرژیی بەرزن" و کەشێکی نائاسایشی هەیە، ئەمەش هاندەری توندوتیژی و کاریگەری لەسەر هەموو هاووڵاتیان دەبێت، ئەو جۆرە ژینگە توندوتیژانە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵک ڕوو لە ناوچەکانی دیکە بکەن.

 

کاریگەری شەڕ و ململانێکان لەسەر ژنان

مەیسا حەسایری وتی: ژنان زۆرترین زیانیان لە شەڕ و ململانێ بەردەکەوێت، هەروەها بە هۆی ئەوەی کە لە ناو  کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژین، ژنانی ئەو ناوچانە هەمیشە تووشی هەموو جۆرە توندوتیژی و هەڵاواردنێک دەبن، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی بارودۆخی جددی دەبنەوە، لەوانە بێ ماڵ و حاڵ و برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و پاکوخاوێنی کەسی و گشتی، ژنان تەنانەت لە ماوەی سووڕی مانگانەشدا ناتوانن پێداویستییە تەندروستییە تایبەتەکان بەدەستبهێنن، ژنانی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکان ناتوانن ئاوی خواردنەوە و گەرماو بدۆزنەوە و قوربانی بارودۆخی سەختن و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان پارێزگاریی پێویستیان بۆ دابین ناکەن.

 

توندوتیژی جەستەیی و ئابووری

 

مەیسا حەسایری سەبارەت بەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژنان کە بە شەڕەکان ڕەوا دەکرێت وتی: منداڵانی کچ لەم بارودۆخانەدا لە خوێندن و کار و هاوسەرگیری تەمەنی بچووک دادەبڕدرێن و لە سەدا ٦٠ی ژنانی دووگیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاودێری تەندروستی گیان لەدەستدەدەن، بە شێوەیەکی ئاسایی هۆکارەکانی مردنیان ڕووداوی بچووکن کە دەتواندرێت بخرێنە لایەک، ئەگەر دامەزراوە تەندروستییەکان هەبوایە یان ئەم ژنانە لە شوێنی پارێزراودا بژین ئەمە ڕووی نەدەدا، کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ژنان زۆرن و جیاوازن لەوانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونین، زۆرێک لە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە شەڕ کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی ژنان هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر هەست بە فشار و ترس بکەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژین، ئەو ژنانەی لە شەڕ ڕزگاریان بووە، ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و ئابووری دەبنەوە.

 

وتیشی: ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نین و هەمیشە شوێن هاوژین و خێزانەکانیان دەکەون، کاتێک ئەو کەسەی کە بژێوی ژیانیان دەکات گیان لەدەستدەدات، بەزەحمەت بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدۆزێتەوە، هەروەها نەبوونی پارە بۆ ژنان بۆ بژێوی منداڵەکانیان تووشی زەحمەتییان دەکات، هەندێک جار ژنان بەهۆی فشارەکانی کۆچی زۆرەملێ لەسەریان کارەکانیان لەدەستدەدەن، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات لە دۆخە سەختەکاندا کاربکەن، ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە خێزاندا، بەتایبەت لە حاڵەتی شەڕ و ململانێدا، چونکە ئەوان ڕۆڵێکی کاریگەر لە دروستکردنی هاوسەنگی لە خێزاندا دەگێڕن و بەرپرسیارن لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان چونکە پیاوان بەشداری شەڕ دەکەن، لەم کاتەدا ژنان لە نەبوونی پیاودا بەرپرسیارێتی ماڵ و منداڵان لە ئەستۆ دەگرن و زۆر کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکان.

 

"پێویستە ژنان تێکۆشان بکەن"

مەیسا حەسایری سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونییەکانی شەڕ لەسەر ژنان لە تونس وتی: ئەمە تەنها لە جوگرافیای شەڕ و ململانێکاندا نییە، بەڵکو فراوانترە، هەرچەندە ژنانی تونس لەڕووی جوگرافییەوە دوورن لە شەڕ، بەڵام کاتێک وێنە و ڤیدیۆکان دەبینن کاریگەری دەروونییان لەسەر دەبێت، ژنان لەمانە بێزار دەبن و لەڕووی دەروونییەوە تووشی دەبن. کاریگەری دەروونی شەڕ و ململانێ لەسەر ژنان هەندێکجار زۆرە، چونکە زۆربەی ئەو ژنانەی بەدوای ڕووداوەکاندا دەگەڕێن، تووشی شۆک و سترێس و نەخۆشنی دەبن.

 

مەیسا حەسایری لە کۆتاییدا وتی: ئەو ژنانەی لە ناوچە سەربەخۆ و سەلامەتەکانی وەک تونس دەژین، ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە هۆشیارکردنەوەی نەوەکانی داهاتوو و گرنگی مافی مرۆڤ بۆیان ڕوونبکەنەوە، هەروەها ئاگاداریان دەکەنەوە لە مافەکانی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ئەوەی بیرۆکەی بەشداریکردن لە چالاکییە ئامانجدارەکاندا لە ناویاندا سەرهەڵبدات، هەروەها پشتگیریکردن لە مافەکانی ژنان، گرنگە چیرۆکی بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر منداڵاندا بگێڕدرێتەوە و بیبیستن، بەهۆی دانپێدانانی مێژوو، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گرنگیدان بە پرسە مرۆییەکان، گرنگە ژنان بەشداری کارەکانی کۆمەڵەکان بکەن، چونکە مافی مرۆڤ بە تایبەت ژنان دەپارێزن.