گواتیمالا سەربازانی پێشووی بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان سزا دا

بەرزترین دادگای گواتیمالا پێنج سەربازی پێشووی بە ٣٠ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر دەیان ژنی خەڵکی مایا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵات لە ساڵانی ١٩٨٠دا بەند کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو پیاوە سەربازانە ئەندام بوون لە بەناو خۆپاراستنە مەدەنیەکان و داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو  ٣٦ ژنە قوربانییە تەمەنیان  لە نێوان ١٢ بۆ ٥٢ سال بوە لەکاتی تاوانەکەدا.

 

ئانتۆنینا ڤالێی ڕزگاربوو، وتی: "زۆر لە ژنان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ئەمە ئەو ئازارەیە کە ئێمە لە دڵماندا هەمانە".

 

نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس کوژران یان بێسەروشوێن بوون لە شەڕی  ١٩٦٠-١٩٩٦ زۆربەیان ئەندامی گروپە ڕەسەنەکان بوون، کە لەلایەن سوپا و چەکدارە ڕاستڕەوەکانەوە کرانە ئامانج، بە تۆمەتی پشتگیریکردنی گەریلاکانی چەپ.

 

ئەو دەستدرێژیانە، کە لە دەوروبەری گوندی ڕابینالی باکوری پایتەخت روویداوە ئەو ناوچەیە کە لە کاتی شەڕەکەدا بە قورسی کرایە ئامانج، شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵە کە تەرمی زیاتر لە سێ هەزار کەسی تێدابووە.

 

ماکسیما گارسیا، یەکێکی تر لە ڕزگاربووەکان وتی: "کاتێک دووگیان بووم و لە حەوت مانگیدا بووم دەستدرێژی کرایە سەرم کوڕەکەم لەدەستدا، دایکم کاتێک هەشت مانگ دووگیان بوو دەستدرێژی کرایە سەر و کوشتیان، لە ماڵەوەدا بە هەڵواسراوی بەجێیان هێشت".

 

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گواتیمالا وتی: "ئەم سزایە پێشەکییەکی نیشانەیە لە گەیشتن بە مافەکانی ڕاستی و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی ژنانی قوربانی توندوتیژی سێکسی لە ماوەی جەنگدا".

 

لە ساڵی ٢٠١٦شدا دوو ئەندامی سەربازی پێشوو بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژی و کۆیلەکردن ژنانی ڕەسەنی مایا بە ٣٦٠ ساڵ زیندانی سزا دران.