گوڵ بەناو شاری سلێمانیدا بەخشرایەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناو بازاری شاری سلێمانی گوڵ بەسەر هاوڵاتیاندا بەخشرایەوە، و پیرۆزبایی و بانگەوازی بۆ هاتنی ٨ی مارس کرا.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی کرد لە ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیان بۆ ٨ی مارس، گوڵیان بەسەر هاوڵاتیاندا بەخشییەوە.
لە چالاکییەکەی ئەمڕۆیاندا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە ناو بازار و نزیک دادگای کۆنی سلێمانی دەستیان پێکرد و بەناو بازاردا گەڕان، ئەو گوڵانەی کە بۆ پیرۆزبایی لە ٨ی مارس ئامادەیان کردبوو بەسەر هاوڵاتیاندا بەخشییانەوە و بانگەوازییان بۆ ئاهەنگی یادکردنەوەی ٨ی مارس لە ڕۆژی پێنی مارسدا کرد.
"چالاکییەکە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنانە لە ڕۆژێکی جیهانی تایبەت بە ژنان"
بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەرەتا ڕۆژی ٨ی مارسی لە ژنانی جیهان و ژنانی کوردی تێکۆشەر پیرۆزکرد و باسی لەوەکرد ڕێکخراوەکەیان بۆ یادکردنەوەی ٨ی مارس چەندین چالاکی ڕێکخستووە و یەکێک لەوانە بەخشینەوەی گوڵە بەسەر هاوڵاتیاندا، هەروەها وتیشی: "ئامانجمان لەم چالاکییە هۆشیارکردنەوەی ژنانە تا بزانن ڕۆژێکی جیهانییان هەیە و ببێتە هەوێنی بەردەوامیدان بە تێکۆشان و خەباتیان و بە دروشمی "کات کاتی پاراستنی ژنی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادە" بەردەوامم لە چالاکییەکانیان".
هەروەها وتیشی ئامانجمان لە بەخشینەوەی گوڵ لەمڕۆدا ئەوەیە خۆشەویستی و ڕێزی خۆمان بۆ ژنانی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش دەرببڕین.
دایە فاتم، یەکێک لەو ژنانەی لە بەخشینەوەی گوڵدا بەشدار بووە، پیرۆزبایی خۆی بۆ ژنانی جیهان و ئەو ژنانەی کە لە سەنگەرەکانی شەڕدا بەرگری دەکەن، نارد و داوای لە ژنان کرد یەکبگرن و هەموو ڕۆژێکی خۆیان بکەنە هەشتی مارس، ئاماژەشی بەوەدا بەدیهاتنی ٨ی مارس بۆ کۆتایی هێنان بە زوڵـم و زۆری و توندوتیژی سەر ژنان بوو.
لە چالاکییەکەدا ژنان بانگەوازیشیان لە هاوڵاتیان کرد بۆ ئاهەنگی پیرۆزکردنی ٨ی مارس لە ڕۆژی هەینیدا، ٥ی مارسدا لە بەردەقارەمان
ت.پ