پەیامنێرانی بێسنور: لەمساڵدا ١٥٪ی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەستگیرکراون

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرایکردووە، ئەمساڵ ٥٧ ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهاندا كوژراون و هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ ڕێژەی زۆری زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن نەبیندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی کۆکراوەی ساڵانەی توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان، کە لەلایەن ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور-RSF بڵاوکراونەتەوە، ٥٣٣ ڕۆژنامەنووس لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان دەستبەسەرن، ژمارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان دووبارە زیادیکردووە بۆ ٥٧ کەس، ٦٥ ڕۆژنامەنووس بە بارمتە گیراون و ٤٩ ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ڕابردوودا هەرگیز بەم شێوەیەی ئێستا ڕۆژنامەنووسانی ژن دەستبەسەر نەکراون، کۆی گشتی ٧٨ ژن لە ئێستادا دەستبەسەرن، تۆمارەکە بە نزیکەیی ٣٠٪ بەرزبوونەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە خۆیەوە دەبینێت، ئێستا نزیکەی ١٥٪ی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەستگیرکراون، بە بەراورد بە کەمتر لە ٧٪ لە ٥ ساڵی ڕابردوودا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ڕژێمە دیکتاتۆر و دەسەڵاتخوازەکان لە هەموو کاتێک زیاتر بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان زیندانەکانیان پڕ دەکەنەوە، ئەم تۆمارە نوێیە لە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراودا، جەخت لە فشار دروستکردن و پێویستی بەپەلە دەکات بۆ ڕێگریکردن لە حکومەتە توندوتیژەکان و فراوانکردنی هاودەنگیی چالاکمان بۆ هەموو ئەوانەی کە نموونەی ئازادی ڕۆژنامەنووسی و سەربەخۆیی بەرجەستە دەکەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەلایەنی کەمەوە ٦٥ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لە ئێستادا بە بارمتە گیراون، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ دوو ڕۆژنامەنووسی تر بێسەروشوێن بوون و کۆی گشتی ڕۆژنامەنووسە بێسەرشوێن بووەکانیش گەشتووەتە ٤٩ ڕۆژنامەنووس.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی سەرکوتی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ٤٧ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و وڵاتەکە بووەتە سێیەم زیندانی گەورەی ڕۆژنامەنووسانی جیهان، تەنیا لە یەک مانگی سەرەتای خۆپیشاندان و ڕاپەرینەکاندا دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بە ناوەکان نیلوفەر حامیدی و ئێلاهە محەمەدی دەستگیرکران، کە لە بارەی کوشتنی ژینا ئەمینی ڕاپۆرت و هەواڵیان ئامادەکردووە.

 

سانسۆڕ و چاودێری لە چین گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ئەو وڵاتەش بەردەوامە لە بوونە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانی جیهان، کە کۆی گشتی ١١٠ ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون، هانگ خوقین، ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆیە و کارەکانی لە چوارچێوەی ئاشکراکردنی گەندەڵی و پیسبوونی پیشەسازی و هەراسانکردنی ژنان دەگەیەنێت، دەستگیرکراوە.