ئیسڕائیل هێرشی کردە سەر کەناری ڕۆژئاوا: پێنج فەلەستینی لەنێویاندا منداڵێک بریندار بوون

پێنج فەلەستینی بە سەختی بریندار بوون لە هێرشێکی سەربازی ئیسڕائیل بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا کە لەلایەن سەربازانی ئیسڕائیلەوە داگیرکراوە، منداڵێکی فەلەستینیش لەناو بریندارەکاندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا بەردەوامە، مورات شتەڤی، ڕێکخەری کۆمیتەی بەرگری گەل لە شارۆچکەی کەفر کادوم لە کەناری ڕۆژئاوا وتی: چوار گەنجی فەلەستینی لە ئەنجامی هێرشێکی سەربازانی ئیسرائیلدا بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نەجا لە شاری نابلوس بۆ چارەسەر.

 

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە هێرشێکی سەربازانی ئیسڕائیلدا لە کالکالی نزیک دیواری جیابوونەوە بریندار بووە.

 

١٢ فەلەستینی لە جینین گیانیان لەدەستدا

لە ٣ی تەمموز، سوپای ئیسڕائیل هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی جینین لە شاری جینین و ناوچەکەیان گەمارۆ دا، ١٢ فەلەستینی لەناویاندا چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و ٢٠ کەسیش دەستگیرکران و نزیکەی ١٢٠ فەلەستینی برینداربوون لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییە ٤٨ کاتژمێرییەکەدا، دوای دوو ڕۆژ لە گەمارۆدان، سوپای ئیسرائیل کشایەوە.