هەڵاوسانی نرخی دراو لە ئێران

پێشبینی دەکرێت گرانبوونی نرخی تمەن و بەرزبوونەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لەمساڵدا شەپۆلێکی دیکەی گرانبوونی نرخەکان و قەیرانێکی ئابووری بێوێنە لە ئێراندا بەدوابێت، کە چارەسەری ئەستەم دەبێت.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- بەرزبوونەوەی نرخی تمەن و زێڕ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هۆکارێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران بوو بۆ خەڵک، یەکێک لە باوەڕە سەرەکییەکانی خەڵک سەبارەت بە ئابووری ئێران دەتوانرێت لە یەک ڕستەدا کۆبکرێتەوە، کە دەڵێن: "تا ئێستا شتێکی هەرزانت لەم وڵاتەدا بینیوە؟".

 

ناجێگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو هەمیشە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ڕژێمی ئیسلامی ئێران بڵاوکردنەوەی "هەواڵی چارەسەر"ی وەک کاریگەرترین ڕێگا بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری وڵاتەکەی نیشان دەدات، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەرکەوت کە وڵات لە چارەسەرکردندا شکستی هێناوە.

 

چەند ڕۆژێکە هەواڵی ناڕاستەوخۆ دەربارەی لابردنی بلۆکی سەر تمەنی ئێران و  ڕێککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوبووەتەوە، کە وردەکارییەکانی ئەو هەواڵانە و شیکاری سیاسی کەناڵە حکومییەکان کاریگەری لەسەر جموجوڵی بازاڕی دراو و دۆلار و زێڕ دروستکردووە، دۆلار و زێڕ، وەک بنەڕەتیترین سەرمایە، بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتە کەمترین نرخ، بەڵام لەگەڵ ئاشکرابوونی وردەکاری و گۆشەی شاراوەی دانوستانەکان، جارێکی دیکە هێڵکاری نرخی کاڵاکان بەرز بوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

 

گیتا.پی، یەکێک لە شرۆڤەکارانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست وتی: بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی دراو لە ئێران و ئاستەنگە کاریگەرەکان و گەمارۆ بۆ هاوردەکردنی دۆلار بۆ ناو وڵات، دابەزینی نرخی دراو جگە لە نرخدانانی حکومەت، هیچ پاساوێکی تر نییە، چونکە حکومەت هیچ دۆلارێکی نییە لە بازاڕدا بڵاوی بکاتەوە، نەبوونی دۆلار و بە تایبەت دراوی حکومی لە ئاڵوگۆڕەکاندا، دەتوانێت بەڵگەیەک بێت بۆ ئەم دەنگۆیە، سەبارەت بە یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە ئێران، هەرچەندە فەرمانی دابەزینی نرخەکان دراوە، بەڵام هێشتا دابینکردن و خواست لە دیاریکردنی نرخدا ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕن و ڕاستییەکەش ئەوەیە کە بازاڕە سەربەخۆکان لە بازاڕ و ئاڵوگۆڕە حکومییەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتر دەگێڕن و زۆربەیان مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا دەکەن، ئەمەش بە ئازادی ئەنجام دەدرێت و حکومەت ماوەیەکی زۆرە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بازاڕانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: حکومەتی ئێران بە چاپکردنی تمەن هەڵاوسانێکی بێ وێنەی دروستکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، ئەو کارە گوشاری زیاتری لەسەر حکومەتی ئێران دروستکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە باس لە ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی ئێران دەکرا لە وڵاتانی وەک عێراق، بینیمان هیچ دۆلارێک نەچووەتە ناو ئابوری ئێرانەوە، بۆ نمونە دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق بۆ حەج و کڕینی دەرمان و قەرزی تورکمانستان بەکارهاتووە، بەڵام دیسانەوە نرخی دۆلار دابەزی بۆ ئەوەی خەڵک دۆلار و زێڕەکەی بگۆڕێت بۆ تمەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێککەوتنێک دروست دەبێت، بەڵام ئەم سیناریۆیە نەک هەر خەڵکی نەخستە پێگەی فرۆشیارەوە، بەڵکو بازاڕیشی خستە دۆخی فرۆشیارەوە و وەستا ، دوای چەند ڕۆژێک دیسانەوە خەڵک لە پێگەی کڕیاران خواستیان زیاد بووەوە، لە هەمان کاتدا نرخی دراو بەرز بووەوە، خەڵکیش متمانەیان بە بارودۆخی دیپلۆماسی و سیاسی ئێران نییە و فرۆشیارەکان لە هەر حاڵەتێکدا پارە لەدەست دەدەن.

 

بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕەکە وردە وردە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە کاڵاکانی وەک شیرەمەنی، خۆراک و کشتوکاڵ دەبێت و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کە ئێستا بە فەرمی لە ئێران ڕاگەیەندراوە، ڕەنگە لە ئەنجامی ٤٠ هەزار تمەن بێت، پێشبینی دەکرێت گرانبوونی نرخی تمەن و بەرزبوونەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لەمساڵدا شەپۆلێکی دیکەی گرانبوونی نرخەکان و قەیرانێکی ئابووری بێوێنە لە ئێراندا بەدوایدا دێت، کە بە هیچ هەواڵێکی ناڕاست و فەرمانێکی گۆڕانکاری لە دراودا چارەسەر نەبێت.