"دەبێت کەلێنەکانی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان پڕبکرێتەوە"

جێبەجێ نەکردنی یاساکانی سزادان و چاودێری نەکردن لەلایەن خێزانەکانەوە تاوانەکانی خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ی زیاتر کردووە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ژنان قوربانی یەکەمی تۆڕی کۆمەڵایەتین.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ئەکاونتی ساختە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو کێشانەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەکانی گرتووە، کە بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسەکان و بازرگانیکردن بە بابەتە نایاسایەکانی لێوە ئەنجام دەدرێت، فریشتە خەلیل، پارێزەر و ئەندام لە ڕێکخراوی ئەکادیمیای ژنان باسی لەو توندوتیژی و کارە نەشیاوانە کرد کە بە تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکرێت و ڕایگەیاند، زۆربەی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

 

"تۆڕی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ فلتەرێک بەکاردەهێنرێت"

فریشتە خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، تۆڕی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی دەرەوە لە ئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەیانەوە بەدەست هێنراوە، بەڵام بۆ وڵاتانی چواردەوریان کە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانە بە بێ هیچ فلتەرێک، بێ ئەوەی باش و خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بزانن، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەکاریدەهێنن، ئەگەرچی تۆڕی کۆمەڵایەتی لایەنی ئەرێنی هەیە وەک دەستکەوتنی زانیاری بەشێوەیەکی خێرا و فێربوونی زمانی تر، لایەنی نەرێنیشی هەیە کە هەندێک کەس وەک چەکێکی مەترسیدار بەکاریدەهێنن بۆ ناشرین کردنی مرۆڤایەتی.

 

"خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەگەڕیتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە"

فریشتە خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، کە خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کاریگەریە خراپەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە و خەڵک بەرامبەر بەو یاسایانەی کە هەیە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن و نازانن دواتر دووچاری چی ڕێکارێکی یاساییی دەبنەوە.

 

هەروەها جەختی کردەوە، خێزانەکان هۆکارێکی ترن کە منداڵەکانیان ئیهمال دەکەن و چاودێریان ناکەن و بە ئاسانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەخەنە بەردەستیان بۆ سەرقاڵکردنیان، بەڵام بێ ئاگان لەوەی کە دواڕۆژ دووچاری چەندین کێشە دەبنەوە.

 

"ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە هۆی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە زیاد دەکات"

فریشتە خەلیل وتیشی: ساڵانە ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە زیاتر دەبێت، بە پێی ماددەی بەرکاری ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامێرە پەیوەندییەکان ئەو کەسانەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتییان بە خراپی بەکارهێناوە و کەیسیان هەبووە لە ناو دادگاکاندا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٨١ کەیس بووە، لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم ڕێژەیە گەشتووەتە ١٨٣ کەیس، لە ساڵی ٢٠٢٢دا  ١٤٠ کەیسە، ئەم کەیسانەی تۆمار کراون ڕێژەیەکی زۆر کەمە لە ڕاستیدا ڕووداوەکان زۆرن و سکاڵاکاران کەمن، چونکە خەڵک نائومێد بووە لەوەی ڕێکاری یاسایی ناگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی خراپ بەکاردەهێنن.

 

دەشڵێت: بە پێی بڕگەی ٢ی ماددەی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨کە باس لە سزای خراپ بەکارهێنانی موبایل دەکات، دوو جۆر تاوان هەیە، بە پێی ئەم دوو جۆرە تاوانەش سزاکان دانراون ئەوانیش تاوانی سزای سووکن، کە بە بەندکردن لە یەک ڕۆژەوە دەستپێدەکات تا ساڵێک، وە بە بڕە پارە لە ٧٥٠ هەزار دەستپێدەکات تا ٣ ملیۆن، هەروەها تاوانی قورس بە بەندکردن لە ساڵێکەوە دەستپێدەکات تا ٥ ساڵ و بە بڕە پارە لە ١ ملیۆنەوە دەستپێدەکات تا ٥ ملیۆن.

 

"زیاتر ژنانی گەنج دەبنە قوربانی تۆڕی کۆمەڵایەتی"

فریشتە خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی سایت و کەناڵەکان و بابەتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەریەکی خراپیان دروستکردووە لەسەر پەروەردەی منداڵ و بەتایبەتی ژنانی گەنج، وا دەکات لە کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگە لابدەن، بۆیە زۆرکات ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە خوارووی ١٨ ساڵەوەیە دەبنە قوربانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەم یاسایە توند بکرێتەوە بەرامبەر بە تاوانباران، بۆ ئەوەی چیتر تاوانەکان دووبارە نەکرێتەوە، چونکە ئەو سزایانەی کە دانراون بە پێی پێویست نییە و سزایەکی سوکە.

 

لەکۆتایدا ئەو پارێزەرە وتی: زیاتر ئەو کەیسانە دێنە لای ئێمە کە کەسی تاوانبار بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک پەنای بردووەتە بەر خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، وە ئەو کەسانەی تووشی ئەم جۆرە کێشانە دەبن پێویست ناکات بشڵەژێن و بترسن، یاخود بە گوێی کەسی تاوانبار بکەن، پێویستە یەکەمجار خێزانەکان و دواتر دادگا ئاگادار بکەنەوە.